بە میوزیك و شانۆ ژمارەی قوربانییەكانی مین كەمدەكرێنەوە

حەوت ملیۆن مین و پارچە تەقەمەنیی جۆراوجۆر، لە خاكی باشووری كوردستان لە زاخۆوە تا خانەقین چێندراون. لە لایەك هەوڵەكان بۆ پاككردنەوەی خاك بەردەوامن، بەڵام لایەكەی دیكەیان كە هەوڵدانە بۆ بەرگرتن لە زیانە مرۆیی و ژینگەییەكانی مین و تەقەمەنی، ئامرازێكی سەرنجڕاكێشی بەگەڕخستووە، ئەویش پەنابردنە بۆ ئارامیبەخشیی هونەرەكانی شانۆ و میوزیك، لە پێناو خۆپاراستن لە ئازارچێژیی دوای تەقینەوەی بۆمب و مینەكان.

موحسین شێخ عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای کاروباری مین لە سلێمانى، زانیاری و ژمارەكانی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ئاشكراكرد و وتی، لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین، 234 ملیۆن و 500 هەزار مەتر دووجا زەوی بە مین و تەقەمەنیی چێندراو هەیە، نزیكەی 86 ملیۆن مەتر دووجا لەو ڕووبەرە پاككراوەتەوە.

ڕایگەیاند، لە ساڵی 2005ـەوە كە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگای کاروباری مین لە پارێزگای سلێمانى دەستبەكاربووە تا ئێستا، 140 هەزار پارچە مین و تەقەمەنی لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین دۆزراونەتەوە.

ئەو كاربەدەستەی بواری مین و تەقەمەنی و هەڵگرتنەوەیان دەڵێت، “حەوت هەزار و 550 بەركەوتووی مین و تەقەمەنی لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین هەن، شەش هەزار و 50 كەسیان شەهیدبوون و 1500 كەسیشیان برینداربوون”.

بەپێی وتەی موحسین شێخ عەبدولکەریم، بەڕێوەبەرایەتیی هۆشیاركردنەوە لە مەترسییەكانی مین و تەقەمەنی، ڕۆڵێكی كاریگەری هەبووە لە كەمكردنەوەی ژمارەی قوربانییەكانی مین لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بەو پێیەی تیمەكانیان سەردانی مامۆستایانی ئایینی، خوێندنگەكان، هێزەكانی پاسەوانی سنوور، پۆلیسی دارستان، شوانەكان و چەند توێژێكی دیكە دەكەن و خوولی هۆشیارییان بۆ دەكەنەوە، ڕێنمایی و زانیارییان لەبارەی زەویی بە مین چێندراو و چۆنێتیی خۆپاراستن لە مینەكان پێدەدەن.

ئەو جەختیكردەوە، “هەوڵەكانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە وایانكردووە قوربانییانی مین لە ئێستادا بە بەراورد بە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو، ژمارەیان بە ڕێژەی 99.99% كەمببێتەوە، ئەوەش لە ڕێگەی 2700 سەردان و خوولی هۆشیاركردنەوەوە”.

موحسین شێخ عەبدولکەریم، باسی لە پەنابردن بۆ هونەرەكانی میوزیك و شانۆ بۆ جەنگان دژی پاشماوەكانی جەنگ كرد وتی، “لە ڕێگەی میوزیك و شانۆ و ئۆپیرەیتەوە، پەیامی مین و تەقەمەنی و خۆپاراستن لێیان دەگەیەنین بە فێرخوازان و خوێندكاران”.

بابەتی پێشتر

غاندی: منداڵان باشترین مامۆستان لە ژیاندا

بابەتی دواتر

جوتیار عادل: سیاسەتی حكومەت لەسەر ڕێچكەیەكی دروستە و بەردەوامیش دەبێت لە خزمەتكردن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share