ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی کەسێکی ڕاگەیاند، کە تۆمەتباربوو بە “سوکایەتیکردن” بە پیرۆزییە ئاینییەکان و هەوڵی هەڵاتنی بۆ هەرێمی کوردستان دابوو.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە و تیایدا کەسێک دەردەکەوت کە ‘سوکایەتی” بە هێما و پیرۆزییە ئاینییەکان دەکرد، تیمێکی تایبەت لە مەفرەزەکانی دەزگاکەیان لە بەغداد و کەرکوک، لە دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر توانیان دەستگیری بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، “تۆمەتبار هەوڵیداوە هەڵبێت بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام توانرا لەرێگەی دانانی بۆسەیەک ڕێگری لێبکرێت و دەستگیربكرێت، دواتر ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دەسەڵاتی دادوەری کراوە، تا بەگوێرەی یاسا ڕێوشوێنی تایبەتی لە دژ بگرنەبەر”.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە ڕاگەیەنداوەکەدا جەختیكردەوە، “بەردەوام دەبین لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو حاڵەتانەی سوکایەتیکردن بە هێما و پیرۆزییە ئاینیەکان کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی”.