جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بەدواداچوونی بۆ بڕیارەكانی هەفتەی ڕابردوو لەبارەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە سلێمانی كرد و وتەبێژەكەشی دەڵێت، دوو گەورە پڕۆژەی گەشتیاری لە سلێمانی ڕەزامەندییان لەسەر دراوە.
ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەشداری لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی-دا كرد، بە بەشداری سەرۆكی شارەوانی و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی شارەكە.
سهمیر ههورامی، وتهبێژی جێگری سهرۆك وهزیرانی ههرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، قوباد تاڵەبانی وەك ئەندامی فەخریی ئەنجومەنی شارەوانی و جێگری سەرۆك وەزیران بەشداریی كۆبوونەوەكەی كردووە.
وتیشی، “لە كۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەكانی كۆبوونەوەی 4ی ئەیلول كرا و باس لهوهكرا كه 39 پڕۆژه لەوانەی لەلایەن كەرتی تایبەتەوە پێشكەشكراون ئامادهن بۆ مۆڵەتی كۆتایی و كاركردن، 15 پڕۆژهی دیكهش سایت پلانیان بۆ ئاماده دهكرێت”.
هەر ئەمڕۆ دوو پڕۆژەی گەورەی گەشتیاری لە سلێمانی ڕەزامەندییان لەسەر درا كە پڕۆژەی ستراتیژین و لەسەر چەمی قلیاسان و شاخی گۆیژە دروستدەكرێن، سەمیر هەورامی وای وت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو پڕۆژانە لە ماوەیەكی زۆر كورتدا لە پارێزگای سلێمانی دەكەونەكار، كاریگەری زۆر باشیان دەبێت لەسەر بەهێزكردنی ژێرخانی ئابوری، دابینكردنی ژمارەیەكی زۆری هەلیكار.
وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەشكرد، ئامانجی سەرەكی كاك قوباد كە لە كۆبوونەوەكاندا ئاماژەی پێدا ئەوەبوو كە دەبێت خزمەتی هاوڵاتی بكرێت و ڕۆتین لە دامودەزگاكانی حكومەتدا كەمبكرێتەوە.