جۆرەکانی ڕۆنی چێشتلێنان چین؟ زیانە تەندروستییەکانی چین و چ جۆرە ڕۆنێک بەکاربهێنین؟

ئەو ڕۆنانەی لە بازاڕەکاندا هەن بە شێواز و قەبارەی جیاواز، مشتومڕی تەندروستیی زۆریان لەبارەوە دەکرێت، زۆرینەی قسەکان بۆ ئەوەن کە تەندروست نین و هۆکاری زۆر جۆری نەخۆشین لە گرنگترینیان گیرانی لولە خوێنەکانی دڵ و شێرپەنجە.

تۆڕی میدیایی ئێستا بەدواداچوونێکی بۆ ئەو ڕۆنانە کردووە و ئەنجامەکەی جگە لە دەرخستنی زیانەکانی شێوازی دروستی بەکارهێنانیشیان دەخاتەڕوو.

ڕۆنی زەیت:

شارەزایەکی بواری خۆراک لەوبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، زەیتە ڕووەکییەکان لە بنەڕەتدا جۆرێکی بەسوودن، بەڵام ئەوەی لە بازاڕەکاندا هەن دەستکاری لە پرۆسەی بەرهەمهێنانیاندا دەکرێت، بەوەش زەیتەکە سروشتی خۆی لەدەستدەدات و دەگۆڕێت بۆ زەیتێکی زیانبەخش.

زەیتە بازرگانییەکان و ئەوانەی ئێستا لە بازاڕەکاندا هەن، بە پرۆسەیەک کە گەرمکردنییەتی تا 400 پلەی سەدی زۆرینەی بەها خۆراکییەکەی لەدەستدەدات و ڤیتامین و کانزاکانی لەناودەچن.

ئەو پسپۆڕە خۆراکییە دەڵێت، ئەو زەیتانە لەکاتی بەکارهێناندا جارێکی دیکە گەرمدەکرێن کیتۆن و ئەڵدیهاید دروستدەکەن کە هۆکاری گەورەن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە.

باسی لە دورستکردن و بەرهەمهێنانی زەیت کرد بەڕێگەی پەستانی سارد و گوشین، کە ئەوە ڕێگایەکی تەندروستە و ڤیتامین و کانزاکانی لەناوناچن.

ڕۆنە بەستووەکان:

دوو جۆر ڕۆنی بەستوو هەن کە یەکێکیان ڕۆنە ئاژەڵییەکانە، ئەو پسپۆڕە خۆراکییە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ڕۆنە ئاژەڵییەکان تەندروستن بەڵام نابێت ڕێژەی زۆریان لێ بخورێت، چونکە چەورییە تێرەکان لە پێکهاتەیاندایە و هۆکارن بۆ تەسکبوونەوەی بۆرییەکانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتە.

جۆری دووەم لە ڕۆنە بەستووەکان ڕۆنە ڕووەکییەکانن: ئەم ڕۆنانە لە زەیتی ڕووەکییەوە بەرهەمدەهێنرێت بە زیادکردنی هایدرۆجین بۆی، کە مەترسیدارە و هۆکاری شێرپەنجەیە، هەروەها ڕێژەی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش تێیدا بەرزدەبێتەوە و کۆلیسترۆڵی سوودبەخش کەمدەبێتەوە.

بەپێی وتەی پسپۆڕە خۆراکییەکە، ئەو ڕۆن و زەیتانەی لە بازاڕدا هەن پشکنینی پێویستیان بۆ ناکرێت، چونکە لایەنی پەیوەندیدار ئامێر و کەرەستەی پێویستییان لەبەردەستدا نییە بۆ پشکنین، ناتوانرێت پشکنینی وردیان بۆبکرێت ئەوەی دەکرێت تەنها هەندێک پشکنینی سەرەتاییە.

وتی، ئەگەر ئەو ڕۆن و زەیتانە هەرچییەک لە پێکهاتەکانیاندا هەبێت یان چەندجارێک بەکارهاتبێتەوە ناتوانرێت لە پشکنینەکاندا دەربخرێن چونکە ئاستی پشکنینەکانی ئێرە ئەو توانایەیان نییە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو پشکنینانەی لێرە بۆ ڕۆن و زەیت دەکرێن بەپێی ستانداردە جیهانییەکان نین، ئەوەش ناتوانێت بڕیار لەسەر ئەوە بدات ڕۆنەکان چەند تەندروست و سەلامەتن، تا چەند موشتەقاتی کیمیایی تێنەکراوە، یاخود زەیتی ڕیسایکلین نییە و پێشتر بەکارنەهێنراوە و ڕیسایکلینی بۆ نەکراوەتەوە.

سەبارەت بە بەکارهێنانی ڕۆنێکی تەندروست ئەو پسپۆڕە خۆراکییە باس لەوەدەکات، هەر جۆرێکی ڕۆن پشتدەبەستێت بە سەرچاوەکەی و چۆنێتیی بەرهەمهێنان و هەڵگرتنی کە ئەگەر بەشێوەی تەندروست بەرهەمبهێنرێت زیانی تەندروستیی نابێت، ئەوەش دڵنیابوونەوەی پەیوەندیدارە بە شێوازی پشکنینەکانی ڕۆنەکەوە.

بابەتی پێشتر

دوو گەورە پڕۆژەی گەشتیاری لە سلێمانی دروستدەكرێن

بابەتی دواتر

"نامەیەکی نهێنی" لە شاژنی بەریتانیاوە دەبێت 63 ساڵی دیکە بخوێندرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

زانکۆ لاین کارا کرا

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان سیستمی زانکۆ لاینی کارا کردووە، سیستمەکە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ…
Total
0
Share