بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ڕەتکردنەوەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت.
عەلا خزیر یاسری بە ڕۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمیی ڕاگەیاندووە، “کوردستان سوورە لەسەر جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە هەناردەی نەوت و بەردەوامە لە هەناردەکردنی نەوت بەشێوەی نایاسایی.
یاسری دەڵێت، “لە ئێستادا هیچ دانوستانێکمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نییە، چونکە ئەوان بە ڕوونی ڕایانگەیاندووە، بڕیاری دادگای فیدراڵی ڕەتدەکەنەوە”.
پێشتر دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە ڕادەستکردنی سەرجەم دۆسیە و ڕێککەوتنە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی ناوەند و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەغدادەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕاستەوخۆ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی ڕەتکردەوە.
بەپێی دوایین ئامارەکان لە تەموزی ساڵی 2022دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 12 ملیۆن و 340 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، بەم پێیەش بەراورد بە تەموزی ساڵی ڕابردوو بڕی 718 هەزار و 810 بەرمیل نەوتی بە ڕێژەی 5.5% کەمتر فرۆشتووە، بەراورد بە تەموزی ساڵی 2020یش ئاستی فرۆش زیاتر دابەزیوە، بەجۆرێک بڕی 898 هەزار و 661 بەرمیل نەوتی بە ڕێژەی 6.8% کەمتر فرۆشتووە.