كۆمەڵێك لە پەنابەرە سورییەكان لە توركیا كار لەسەر دروستكردنی كاروانێك دەكەن بۆ گەیشتنە وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا، وەك ئەوەی ڕێكخەران ئاماژەی پێدەدەن.
كار لەسەر دانانی پلانی كاروانەكە دەكرێت لەڕێی پەیجێكەوە كە لە تۆڕی تێلیگرام بەر لە شەش ڕۆژ دانراوە و نزیكەی 70 هەزار كەس فۆڵۆ-یان كردووە. ڕێكخەران داوا لە بەشداربووان دەكەن كیسەی خەو، خێوەت، هێلەكی مەلە، ئاو، خواردنی لەقوتوونراو و دەرمانی فریاكەوتنی سەرەتایی ئامادەبكەن.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری یەكێك لە ڕێكخەرانەوە كە تەمەنی 46 ساڵە دەڵێت، “ئەوكاتەی وادەی بەڕێكەوتن دیاریكرا وردەكارییەكەی ڕادەگەیەنین”.
ڕێكخەران دەڵێن، كاروانەكە دابەشدەكرێت بەسەر چەندین كۆمەڵەدا كە هەر یەكێكیان لە 50 كەس پێكدێت بە سەرۆكایەتی سەرپەرشتیارێك، لە نامەیەكدا كە یەكێك لە بەرپرسان لە پەیجەكەی تێلیگرام-دا بڵاویكردووەتەوە دەڵێت، “ئێمە ماوەی 10 ساڵە لە توركیاین. ئێمە پارێزراوین.. بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا پێویستە بەشێك لە بارگرانییەكە لەئەستۆبگرن”.
3.7 ملیۆن پەنابەری سوری بە فەرمی لە توركیا دەژین. جەنگی ناوخۆیی وڵاتەكە بووەهۆی كوژرانی نزیكەی نیو ملیۆن كەس و ناچاركردنی نزیكەی نیوەی دانیشتووانی وڵاتەكە بۆ جێهێشتنی ماڵ و جێگاكانیان.
زۆرێك لە ئاوارە سورییەكان لە توركیا دەترسن بۆ وڵاتەكەی خۆیان بگەڕێندرێنەوە، بەتایبەت پاش ئەو گۆڕانكارییەی دوایی لە هەڵوێستی ئەنقەرە بەرامبەر دیمەشق. بە زارەكیش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان-ی سەرۆكی توركیا ڕایگەیاند، ئامادەیە بۆ گەڕاندنەوەی ملیۆنێك پەنابەری سوری بەشێوەی خۆبەخشانە.
لە شوبات و ئازاری 2020، دەیان هەزار كۆچبەر ڕوویان لە سنوورە وشكانییەكانی نێوان توركیا و یۆنان كرد، پاش هەڕەشەی ئەردۆغان بە هێشتنەوەی سنوورەكانی لەگەڵ ئەوروپا بە كراوەیی.