وەزیری خوێندنی باڵا ڕایدەگەیەنێت، لەم هەفتەیەوە تا 25ی ئەم مانگە دەرگای سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن بەڕووی خوێندكاراندا دەكرێنەوە و دەشڵێت، گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە ڕێنماییەكانی خوێندنی باڵادا نەكراوە.
ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی لە وەڵامی پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا-دا دەربارەی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن ڕایگەیاند، سەرجەم زانكۆكان ڕۆژمێری خۆیان هەیە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لە 4 تا 25ی ئەم مانگە سەرجەم زانكۆكانی هەرێم دەرگاكانیان بەڕووی خوێندكاراندا دەكەنەوە.
دەربارەی ڕێنماییەكانی وەرگرتن لە خوێندنی باڵاش ئارام محەمەد وتی، ڕێنماییەكانی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا هەمان ڕێنماییەكانی پێشووە و گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی تیانەكراوە.
وەزیری خوێندنی باڵا باسیشی لە ئامادەكاریی وەزارەتەكەی و زانكۆكان كرد بۆ وەرگرتنی دەرچووانی 12ی ئامادەیی و وتی، هەموو ئامادەكارییان كردووە و 100%ی فرسەتەكانی خۆیانیان لە زانكۆكاندا بۆ ڕەخساندوون.
ئەوەشی وت، “ئەوەی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا گرنگە فرسەتی تەواو بۆ منداڵی خۆمان لە وڵاتی خۆمان بڕەخسێنین، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە كە ئەوەی نمرەی 50ی هێناوە بچێتە كۆلێج”.
دووپاتیشیكردەوە، هەل بۆ دەرچووانی ئامادەیی دەڕەخسێنن بەپێی ئەو پێوەرانەی هەیانە و لە ساڵانی ڕابردوودا جێبەجێیان كردوون.