دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق كۆبووەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ڕەتکردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق كۆبووەوە، لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا دادگاكە هەموو ئەو داوا یاساییانەی ڕەتكردەوە كە ئاراستەی كرابوون جگە لە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران.
لە ماوەی ڕابردوودا فراكسیۆنی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران، داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی پێشكەش بە دادگای باڵای فیدراڵی كردبوو، بە پاساوی ئەوەی سەركەوتوو نەبووە لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و ماوە یاساییەكانی پێشێلكردووە، بەڵام چەند جارێك دادگاكە دانیشتنی تایبەت بە تاوتوێكردنی ئەو داوایەی ڕەتكردەوە.
لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیدا و دوای تاوتوێكردنی داواكەی فراكسیۆنی سەدر، كەمێك لەمەوبەر دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند، داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ڕەتكردووەتەوە و جەختیكردەوە، “هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە”.
ڕاگەیەندراوی دادگاكە دووپاتیكردەوە، كارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی بەپێی ماددەی (93)ی دەستوور و ماددەی (4)ی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی دیاریكراون و لەو ماددانەدا هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان نەهاتووە و ئەو كارە لە دەسەڵاتی دادگاكەدا نییە.