زۆریی منداڵی نەبەکام و کەمیی کارمەند تەنگیان بە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی هەڵچنیوە

ژمارەیەکی زۆر منداڵی نەبەکام لە بەشی تازە لەدایکبووانی نەخۆشخانەی منداڵانن، پێشکەوتوویی نەخۆشخانەکە و خزمەتگوزراییەکانی پاڵنەری یەکەمی دایک و باوکانی ئەو منداڵانەیە تاوەکو کۆرپەکانیان لەوێ بهێڵنەوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت، “دەرەقەتی ژمارەی نەخۆشەکان نایەین”.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دکتۆر پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ڕایگەیاند، “هەرچەندە ماوەیەک بەر لە ئێستا نەخۆشخەنەکمان نۆژەنکردووەتەوە و تواناکانی بەراورد بە پێشتر سێ هێندەیە بەڵام، بەهۆی زۆریی ژمارەی منداڵی نەبەکام بەراورد بە شوێنەکە کێشە دروست دەبێت”.

وتی، تا ئێستا بەشی منداڵانی تازە لەدایکبوو پڕ نەبووە، بەڵام کێشەی گەورەیان کەمی کارمەندە، چونکە ئەوان ژمارەیەکی کەمیان بۆ زیادکراوە، کە دەرەقەتی ئەو ژمارە زۆرەی منداڵی نەبەکام و تازە لەدایکبوو نایەن.

ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا بەزۆری زیاتر لە 40 منداڵی تازە لەدایکبوو دەمێننەوە لەکاتێکدا تەنها چوار پەرستار هەیە لە نەخۆشخانەکە، وەک دکتۆر پشدەر عەبدوڵا دەڵێت، “ئەو ژمارە کارمەندە لەگەڵ هیچ ستانداردێکی جیهانییدا ناگونجێت”.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت، ناچاربووین هەندێت ڕێکار بگرینەبەر بۆ چارەسەرکردنی کەمیی کارمەند، یەکێک لەوانە مانەوەی هاوەڵی نەخۆش (مورافیق)ـە لەگەڵ نەخۆشەکەدا کە ئەوە لە هیچ ستانداردێکی جیهانیدا نییە.

دکتۆر پشدەر باسی لەوە کرد ئێستا لۆدێکی زۆر زۆریان لەسەرە، کە بەجۆرێک تەنها لە مانگی ڕابردوودا 700 مداڵی نەبەکام تەنها لە یەک یەکەماندا هەبووە، بە جەختکردنەوەوە وتی، “ئەو ژمارەیە زۆر زۆرە، لەکاتێکدا لە یەکەکانی دیکەشمان هەمان ژمارە منداڵ هەبوون”.

لەلایەکی دیکەوە یەکێک لە دایکی منداڵە نەبەکامەکان کە سێ منداڵی ببوو، منداڵەکانی بلووری بوون و هەرسێکیان نەبەکام بوون و لە بەشی تازە لەدایکبووانی نەخۆشخانەی منداڵان دەمانەوە، وتی، “لە نەخۆشخانەکە زۆر ڕازین بۆیە هاتووینەتە ئێرە، لێرە خزمەتی باش دەکرێین و کەموکوڕیمان نییە”.

ئەو دایکە دەڵێت، “نەخۆشخانەی منداڵان لە ئەهلییەکانیش باشترە بۆیە دێینە ئێرە و منداڵەکانمان لە بەشی نەبەکامەکان دەهێڵینەوە”.

 

بابەتی پێشتر

دادگای فیدراڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ڕەتکردەوە

بابەتی دواتر

گەشتی حەج و عومرە بە ئۆتۆمبێل چەند كاتژمێر دەخایەنێت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share