كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەولێر: گرنگە كۆتایی بە بوونی پەكەكە بهێندرێت لە شەنگال

كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەولێر ڕایگەیاندووە، “گرنگە كۆتایی بە بوونی پەكەكە بهێندرێت لە شەنگال، چونكە هۆكاری نەگەڕانەوەی خەڵكی ناوچەكەیە بۆ زێدی خۆیان”.

ئاژانسی ئانادۆڵوی توركی ئاشكرایكردووە، هاكان قەرەچای، كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە 1ی كانونی دووەم، سەردانی دهۆكی كردووە بۆ پیرۆزبایی لە ڕابەری نوێی ئێزدییەكان، لەو بۆنەیەدا ڕایگەیاندووە، “توركیا بەردوام دەبێت لە پێشكەشكردنی تەواوی پێداویستییە جۆراوجۆرەكان بۆ ئێزدییەكان لە عێراق”.

ئەو دیپلۆماتكارە توركییە ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ئێزدییەكانی شەنگال لە ساڵی 2014دا بەهۆی تیرۆریستانی داعشەوە هەڵهاتن بۆ دهۆك، ئیستاش بەهۆی بوونی ڕێكخراوی پەكەكەوە ناتوانن بگەڕێنەوە نێو ماڵی خۆیان”.

هاكان قەرەچای ئەوەشی وتووە، “گرنگە بە هەرشێوەیەك بێت كۆتاتیی بە بوونی پەكەكە بهێندرێت لە شەنگال، چونكە سەرچاوەی كیشەیە لە ناوچەكە”.

ئەوەش لەكاتێكدایە، لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ڕایگەیاندووە، “فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان لە نەینەوا، ئەمڕۆ دەستیكردووە بە بڵاوەپێكردنی هێزە ئەمنییەكان لە ناوەندی شاری شەنگال، هەروەها دووباری ئەرك و بەرپرسیارییەتییە ئەمنییەكان دابەش دەكرێتەوە”.

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕوو، مەبەستی ئەو كارەش بۆ بەدیهێنانی ئارامی و سەقامگیرییە لە شارەكە بۆ ئەوەی ڕەوشێكی لەبار بێتە ئاراوە بۆ گەڕانەوەی خەڵكی ناوچەكە.

لەیەكی دیكەوە، بەگوێرەی هەواڵێكی ڕۆژنیوزی نزیك لە پەكەكە، “لەسەر داوای ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەری دیموکراتی شەنگال- مەخەدەشە، هاوڵاتییانی شەنگال ڕوویان لە ناوەندەکانی ئاسایشی ئێزدیخان کرد و لەبەردەم ئاسایشەکانی ناوەندی شەنگال، سنونێ و خانەسۆر گردبوونەوە و دژی هەوڵدانەکانی سوپای عێراق بۆ داگیرکردنی شوێنەکانی ئاسایش ناڕەزایەتییان پیشانداوە”.

بابەتی پێشتر

ڕوداوێكی شێلان بە ئۆتۆمبێل لە ئەڵمانیا قوربانی لێكەوتەوە

بابەتی دواتر

شارەزایان هۆشداری لە 'گەندەڵی' و 'دزەپێكردن'ی پارەی عێراق دەدەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share