خوولی ئەفسەران و دامەزراندن دەستپێدەكەنەوە

خوولی ئەفسەران و خوێندن لە كۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان و ئەكادیمیای سەربازیی دهۆك دەستپێدەكەنەوە. ئەو خوێندكارانەی دەرچووی پۆلی 12ی ئامادەیین، لەگەڵ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان، لە ماوەی خوێندنیاندا لە كۆلێژی سەربازی مووچەیان پێدەدرێت و دوای تەواوكردنی خوێندنی سەربازی، دادەمەزرێندرێن. لە بەدواداچوونێكدا تۆڕی میدیایی ئێستا زانیاریی دروستی لەو بارەیەوە وەرگرت و گشت وردەكارییەكانی ئەو بابەتە ئاشكرادەكات.

لیوا – سەڵاح زاهیر، ڕاگری كۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان، زانیارییەكانی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ئاشكراكرد و ڕایگەیاند، داواكارییان ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە كردبوو بۆ دەستپێكردنەوەی خوولی ئەفسەران، وەزارەتی پێشمەرگە ڕەزامەندیی داوە و داواكارییەكە بەرزكراوەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.

وتیشی، “چاوەڕوانین ئەنجومەنی وەزیران داواكارییەكە پەسەندبكات و پێشبینیدەكەم لە ماوەی 20 ڕۆژی داهاتوودا پەسەندبكرێت”.

لەبارەی ئەو كەسانەی دەتوانن بەشداریی خوولی ئەفسەران و خوێندن لە كۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان بكەن، ڕاگری كۆلێژەكە وتی، “دوو توێژ دەگرێتەوە، شارستانی و سەربازی، كە بریتین لە دەرچووانی 12ی ئامادەیی و زانكۆ و پەیمانگەكان، لەگەڵ كارمەندانی هێزەكانی پێشمەرگە”.

لیوا – سەڵاح زاهیر زانیاریی زیاتری لەو بارەیەوە خستەڕوو و ئاشكرایكرد، تەمەنی كەسانی شارستانی دەبێت لە نێوان 18 بۆ 22 ساڵدا بێت و كەسانی سەربازییش 18 بۆ 24 ساڵ بێت.

ئەو كەسانەی لە كۆلێژی سەربازی دەخوێنن، لە ماوەی خوێندن و ڕاهێنانەكاندا مانگانە مووچەیان پێدەدرێت و دوای تەواوكردنی خوێندن ڕاستەوخۆ دادەمەزرێندرێن، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی ڕاگرتنی دامەزراندن لە هەرێمی كوردستان، پرۆسەكە ڕاگیراوە. لەو بارەیەوە ڕاگری كۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان ڕایگەیاند، بە پەسەندكردنی داواكارییەكەیان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، خوێندكارانی كۆلێژەكە مووچەیان بۆ دەستەبەردەكرێت.

سەبارەت بە بڕی مووچەكە، لیوا – سەڵاح زاهیر وتی، ئەو خوێندكارانەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقن و لە كۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان دەخوێنن، مانگانە 800 هەزار دینار مووچە دەدرێت بە هەر یەكێكیان و جەختیكردەوە كە بۆ خوێندكارانی هەرێمیش مووچەكە هاوشێوە دەبێت و بە دووری زانی بڕەكەی لەوە كەمتربێت.

تۆڕی میدیایی ئێستا، بەدواداچوونی زیاتری كرد بۆ ماوەی خوێندن و خوولەكانی كۆلێژی سەربازی، لەو بارەیەوە جەبار یاوەر فەریقی یەكەمی خانەنشین و ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، “ماوەی خوولەكان جیاوازن، بۆ كەسانی مەدەنی خوولی ئەفسەران دوو ساڵ و دوو مانگ دەخایەنێت، بەڵام بۆ كەسانی سەربازی ماوەی خوولی ئەفسەران نۆ مانگە و بە تەواوكردنی خوولەكە، كارمەندی سەربازی و ئەمنی ئەوانەی كە پێشتر جێگری ئەفسەر بوون، دەبن بە ئەفسەر بە پلەی مولازمی دووەم”.

بابەتی پێشتر

لاپۆرتا بە فێڵی دارایی دوو یاریزانی ناونووسکردووە

بابەتی دواتر

لە بەرژەوەندیی هێزەكانی ناوخۆ بڕیاردەدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share