حكومەت بەبێ سەدر پێكدەهێنرێت؟
“چاوەڕێی دەستپێشخەریی سەرۆك بافڵ-ـین تەنگژە سیاسییەكە خاوبكاتەوە”

چێوەی هەماهەنگی مكوڕە لەسەر كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كە محەمەد شیاع سودانییە، هەمان ئەو كاندیدەی كە سەدر ڕەتیدەكاتەوە. لە نێوان پێداگیری و ڕەتكردنەوەدا، بێدەنگیی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەدر لە ئاست پرۆسەی سیاسی و پەیامەكەی ئەمڕۆی حەلبووسی، بە جۆرێك لێكدانەوەیان بۆ دەكرێت كە هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بن بۆ چێوەی هەماهەنگی حكومەت پێكبهێنێت. پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، “چاوەڕێی دەستپێشخەریی سەرۆك بافڵ-ـین تەنگژە سیاسییەكەی عێراق خاوبكاتەوە و حكومەتێكی بەهێز و خزمەتگوزار پێكبهێنرێت”.

لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئێستا، د. گەیلان قادر، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، دۆخەكە ئاڵۆزە و گۆڕانكارییەكان تاڕادەیەك پێشبینینەكراون، بەڵام سەڕەڕای ناكۆكییە سیاسییەكان و گرژی و ململانێی توندی هێزە سیاسییە شیعەكان بۆ مانەوە یان گۆڕینی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە شێوەیەكی فەرمی تا ئێستا محەمەد شیاع سودانی كاندیدی فەرمیی چێوەی هەماهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق.

ئەو پەرلەمانتارە بە دووری نەزانی لە ئەگەری سازشنەكردنی سەدر و قایلنەبوونی بە كاندیدەكەی چێوەی هەماهەنگی، چێوە بەبێ سەدر حكومەت پێكبهێنێت ئەگەر حكومەتێكی كاتییش بێت و وتی، “دوورنییە چێوەی هەماهەنگی حكومەتێك پێكبهێنێت كە ئەركی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و دیاریكردنی وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بێت. بە تایبەت دوای پەیامەكەی ئەمڕۆی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كە داوای پێكهێنانی حكومەتی كرد”.

هەڵكردنی گڵۆپی سەوز

ئەمڕۆ یەكشەممە، محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كە هاوكات سەرۆكی هاوپەیمانیی تەقەدوم یەكێك لە هاوپەیمانەكانی ڕەوتی سەدرە، پەیامێكی بڵاوكردەوە و داوایكرد وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاریبكرێت كە ئەوپەڕی تا كۆتایی ساڵی داهاتوو بێت و لەوە تێپەڕنەكات.

حەلبووسی داواشیكرد سەرۆك كۆمار هەڵببژێردرێت و حكومەتێك بە تەواوی دەسەڵاتەكانییەوە بە ڕێككەوتن پێكبهێنرێت لەگەڵ پەسەندكردنی یاسای بودجەی گشتی، هێشتنەوە یان هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران. هەموو ئەو خاڵانەی حەلبووسی خستنیەڕوو، وا لێكدانەوەیان بۆ دەكرێت كە ملدان بن بۆ چێوەی هەماهەنگی و هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بن لەلایەن هاوپەیمانێكی سەرەكیی سەدرەوە، تا نەیارەكەیان كە چێوەی هەماهەنگییە حكومەت پێكبهێنێت.

دووركەوتنەوە و لێكترازان؟ یان گفتوگۆ و سازان؟

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەستپێشخەریی گفتوگۆی بۆ لایەنە سیاسییەكانی عێراق كرد، پێشتریش مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران هەمان داواكاریی خستبووەڕوو و گەڕی یەكەمی گفتوگۆ ئەنجامدرا.

د. گەیلان قادر وتی، “وەك پەرلەمانتارانی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران، داوای پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و نیشتمانیمان كردووە و سەردانەكانی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی-ـیش بۆ بەغداد و كۆبوونەوەی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییە عێراقییەكان، هەر بەو ئاراستەیەن كە كۆدەنگییەكی نیشتمانی دروستببێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بۆیە چاوەڕێی دەستپێشخەریی سەرۆك بافڵ-ـین تەنگژە سیاسییەكەی عێراق خاوبكاتەوە و حكومەتێكی بەهێز و خزمەتگوزار پێكبهێنرێت”.

بابەتی پێشتر

تارا ڕەسوڵ خۆی كاندید دەكات 

بابەتی دواتر

وەزارەتی دارایی هەرێم بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی خاوەن كۆمپانیاكان دەركرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بڕیارێكی “بێمانا”یە
كاردانەوەی نێردە نێودەوڵەتییەكان بەرامبەر سزادانی چالاكوانانی بادینان

كاردانەوەكان بەرامبەر بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، تایبەت بە پەسەندكردنی سزای چالاكوانانی بادینان درێژەیان هەیە، ترس هەیە لەوەی تۆمەتباركردنی…
Total
0
Share