هەولێر لەبەردەم مەترسیدایە؟
جارێكی دیكە باران لافاو و زیانی لێكەوتەوە

کاریگەریی لافاوەكەی زستانی ڕابردووی هەولێر

بارانەكەی شەوی ڕابردوو لە هەولێر جارێكی دیكە لافاو و زیانی لێكەوتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە شارەكە ڕووبەڕووی بارانێكی كەمی بەهاری بووەوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئەو شارە كە لە ڕوواڵەتدا گەشەیكردووە، هەمیشە لەبەردەم مەترسی لافاو و زیاندایە.

ماوەی چەند ڕۆژێكە شەپۆلێكی بارانبارین شارەكانی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، شەپۆلەكە لە زۆرینەی شارەكان بێ زیان و لافاو تێپەڕی جگەلە هەولێر كە جارێكی دیكە بووەهۆی چوونی ئاو بۆناو ماڵان و كۆبوونەوەی ئاو لە شەقامەكان و پەككەوتنی هاتوچۆ.

سەركەوت كاڕەش، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو لە بەشێكی شەقامەكانی ناو شاری هەولێر، بەتایبەت لای شەقامی 60 مەتری نزیك پێشانگاكانی جوانكاریی ئۆتۆمبێل، 100 مەتری نزیك (BRZ) ئاو لە شەقامەكان كۆبووەوە و لافاو دروستبوو.

“لەناو گەڕەكەكانیش، لە گەڕەكی تەیراوە و ناو بازاڕی تەیراوە، كوران و ناو بازاڕی كوران، لە پرۆژەكانیش لە گەڕەكی زیلان سیتی، هانا سیتی و شاوێس كۆبوونەوەی ئاو و لافاو ڕوویاندا”، وەك ئەوەی وتەبێژی بەرگریی شارستانی وتی.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ڕێگا سەرەكییەكانی دەرەوەش بەتایبەت لە ڕێگای هەولێر-پیرمام ئاوێكی زۆر هەستابوو، كە بووەهۆی كۆبوونەوەی ئۆتۆمبێلێكی زۆر و ڕوودانی خنكانی هاتوچۆ.

دەربارەی زیانەكانیش سەركەوت كاڕەش وتی، دوو ماڵ لە شاوێس ئاوی تێچووە و لە هەولێریش ماڵێك و ئۆتۆمبێلێك ئاویان تێچووە و زیانیان بەركەوتووە.

هەموو ئەو ڕووداوانە لەكاتێكدایە بەپێی ئامارێكی كەشناسیی هەرێم لەماوەی 24 كاتژمێردا تەنها 38.8 ملیم باران لەو شارە باریوە.

دەربارەی هۆكاری زیانەكان سەركەوت كاڕەش وتی، “بارانی بەخوڕ و بەلێزمە لەماوەیەكی كەمدا بێگومان ئەو جۆرە لە هەڵسان و كۆبوونەوەی ئاو لە شەقامەكاندا دروستدەكەن” وەك ئەو ڕوونیكردەوە، بەهۆی ئەوەی ئاوەڕۆكانیش زۆربەیان بەهۆی كۆبوونەوەی پاشەڕۆوە گیراون.

لەدوای لافاوەكەی زستانی ڕابردووش گۆڕینی ڕێڕەوی ئاو و دروستكردنی پڕۆژەی بازرگانی لە بەردەمیاندا وەك یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی دروستبوونی لافاو ناوبرا، بەهۆی چارەسەرنەكردنیشی ئەگەری دووبارەبوونەوەی لافاو و مەترسییەكانی لەسەر شارەكە بەدوورنازانێت.

بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی چاوەڕوان دەكرێت شەپۆلێكی دیكەی باران هەرێم و بەتایبەت هەولێر بگرێتەوە، دەربارەی ئەوەی ئایا هیچ ئامادەكارییەك كراوە وتەبێژی بەرگریی شارستانی وتی، “تا 30ی ئەم مانگە سەرجەم تیمەكانی بەرگریی شارستانی لە ئامادەباشیدا دەبین، بۆ هەر حاڵەتێكی لەناكاوی پەیوەندیدار بە بارانی بەخور و ئەگەری دروستبوونی لافاو”.

زستانی ڕابردوو دوو لافاو هەولێری گرتەوە و ئومێد خۆشناو پارێزگاری شارەكە ئاشكرایكرد، قەبارەی زیانەكانی بە 26 ملیار دینار خەمڵێندراوە.

دووەم لافاویان لە 17ی كانونی یەكەمی 2021 ڕوویدا و بەهۆیەوە 12 كەس گیانیان لەدەستدا.

بابەتی پێشتر

نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینیی ئاوارەبوونی زیاتر لە هەشت ملیۆن ئۆکرانی دەکات

بابەتی دواتر

گردبوونەوەیەكی دژ بە لەشكركێشیی توركیا لە هەولێر ڕێگریلێكرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئیسماعیل گەڵاڵی: وەک هاوڵاتییەک ئەگەر بانکەکانی عێراق بێنە سلێمانی بێبەرامبەر دوو بینام هەیە پێیاندەدەم

ئەندامێکی خولی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و وەک هاوڵاتییەک ئەگەر بانکە حکومییەکانی عێراق بیانەوێت بێنە…
Total
0
Share