حەلبوسی: پەیوەندییەكانی هەرێم و ناوەند بە ڕێككەوتنێكی ڕاگەیەندراو ڕێكبخرێت

محەمەد حەلبوسی

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران داوادەكات وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریبكرێت و دەشڵێت، پێویستە پەیوەندییەكانی هەرێم و ناوەند بە ڕێككەوتنێكی ڕاگەیەندراو بۆ گەل ڕێكبخرێتەوە.

محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تویتێكدا ڕای خۆی لەبارەی كۆبوونەوەی “گفتوگۆی نیشتمانی” دەربڕی كە بڕیارە لە داهاتوودا تایبەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئەنجامبدرێت و دەڵێت، خشتەی كارەكانی پێویستە ڕێككەوتن چەند خاڵێك لەخۆبگرێت.

حەلبوسی جەختیكردووەتەوە لەسەر پێویستیی دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەختە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەوپەڕی تا كۆتایی ساڵی داهاتوو.

هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، دیاریكردنی حكومەتێك بە تەواوی دەسەڵاتەكانی بە ڕێككەوتن كە جێی متمانە و دڵنیایی گەل و هێزە سیاسییەكان بێت، وەك یەكێكی دیكە لە پێویستییەكان دیاریكردووە.

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران داواشیكردووە ڕێككەوتن بكرێت لەسەر سەرلەنوێ شیكردنەوەی ماددەی 76ی دەستوور، پەسەندكردنی یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵی، هێشتنەوە یان هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و داڕشتنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی بەپێی ماددەی 92ی دەستوور.

یەكێكی دیكە لەو خاڵانەی حەلبوسی دیاریكردووە تا لە كۆبوونەوەكەدا ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت “ڕێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕێككەوتنێكی ڕاگەیەندراو بۆ گەل تا پەسەندكردنی یاسای نەوت و غاز”ە.

هەروەك جەختیشیكردووەتەوە لەسەر پێویستیی سەرلەنوێ بڵاوەپێكردنی هێزە سەربازی و ئەمنییەكان بە سەرجەم پێكهاتەكانیەوە، سەرەڕای گەڕاندنەوەی خێرای سەرجەم ئاوارەبووان كە شوێن و ماڵی خۆیان جێهێشتووە و تائێستا نەیانتوانیوە بۆی بگەڕێنەوە.

دوێنێ میدیاكانی عێراق بڵاویانكردەوە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی عێراقی بۆ كۆشكی حكومەت بانگێشتكردووە بە مەبەستی ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەك لەسەر دۆخی عێراق، كە كۆبوونەوەكە سبەی دووشەممە 5ی ئەیلولی 2022 ئەنجامبدرێـت.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، دەستپێشخەرییەكەی كازمی بۆ كۆتاییهێنانە بە ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان و دۆزینەوەی نەخشەڕێگەیەكی گونجاو بۆ دەربازبوونی وڵات لە قەیرانەكان.

لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا، بە ئامادەبوونی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق، بە میوانداریی مستەفا كازمی لە كۆشكی حكومەت كۆبوونەوەیەك بەڕێوەچوو.

بابەتی پێشتر

ناکۆکییەکانی وزە لەنێوان مۆسکۆ و برۆکسل کەسی تێدا براوە نابێت

بابەتی دواتر

لیژنەی کشتوکاڵ: پارەی سێ ساڵی گەنمی جوتیاران تەواودەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share