شیعەكان بۆ توركیا: كۆمپانیاكانتانمان ناوێت ئاومان پێبدەن

یەكێك لە سەركردەكانی شیعەی عێراق بە توركیا دەڵێت، پێویستیمان بە كۆمپانیاكانتان نییە، پابەندی یاسای نێودەوڵەتی ببن.

ئەحمەد ئەسەدی سەرۆكی فراكسیۆنی سەنەد و یەكێك لە سەركردەكانی چێوەی هەماهەنگی، وەڵامی باڵیۆزی توركیا لە بەغدادی دایەوە و ڕایگەیاند، “پێویستیمان بە كۆمپانیاكانتان نییە، بەڵكو پێویستیمان بەوەیە پابەندی یاسای نێودەوڵەتی و هاوسێیەتیی باش ببن”.

پێشتر عەلی ڕەزا گوینای، باڵیۆزی توركیا لە عێراق ڕایگەیاندبوو، بەهۆی خراپبەكارهێنانەوە ئاو لە عێراق بەفیڕۆدەدرێت. پێشنیازیشی بۆ عێراق كردبوو كۆمپانیاكانی توركیا هاوكاریبكەن و ژێرخانی ئاوی بۆ بنیادبنێن.

لە وەڵامی ئەو وتەیەی باڵیۆزی توركیادا، ئەسەدی وتی، “پشكی خۆمانمان لە ئاو پێبدەن و ئێمە باش دەزانین چۆن بەكاریبهێنین”.

سەرۆكی فراكسیۆنی سەنەد لە تویتەر نووسیویەتی، “ئایا باڵیۆزی توركیا دەزانێت وڵاتەكەی زیاتر لە 60%ی پشكی ئاوی عێراقی قۆرخكردووە؟ ئێمە زیاتر لە ڕێگەیەكمان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی توركیا، بەڵام داخۆ كەی حكومەت ئەو كارە دەكات؟!”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share