وەزارەتی تەندروستی: لەمساڵدا 20 حاڵەتی ئایدز لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 1ی کانونی یەکەم ئاماری ئەمساڵی نەخۆشی ئایدزی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند لەو ماوەیەدا زیاتر لە 194 هەزار پشکنینی ڤایرۆسی (HIV) کراوە و 20 حاڵەتی نەخۆشییەکە تۆمارکراوە.

لە ڕاگەیەنراوێکدا کە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئایدز بڵاویکردەوە وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، ” وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەكو هەموو ساڵێك لە ڕێگەی دەزگا تەندروستیەكانەوە و بەهاوكاری دەزگاكانی راگەیاندن، چەندین هەڵمەتی هۆشیاری جۆراوجۆر بەم ڤایرۆسە بڵاودەكاتەوە و ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەکات كە خۆیان لە هۆكاری توشبوون بەو ڤایرۆسە بەدووربگرن”.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ” لە سەرتاسەری جیهان نزیكەی 40 ملیۆن كەس هەڵگری ڤایرۆسی HIVین، زیاتر لە شەش سەد هەزار كەسیش ساڵانە گیان لەدەست دەدەن، لە هەرێمی كوردستان لەمساڵدا زیاتر لە 194 هەزار پشكنین بۆ ڤایرۆسی (HIV)  كراوە. لەم ژمارەیە تەنها 20 حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسی نەخۆشی ئایدز تۆمار كراوە، كە 17 لەوان بیانین”.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم هۆکاری کەمبوونی حاڵەتەکانی ئایدز لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە بەهۆی کەلتوری خەڵکەکە و ڕێکارەکانی تەندروستی هەرێم تۆمارکردنی حاڵەتەکان و گیان لە دەستدان بەو ڤایرۆسە کەمە.

بەكۆی گشتی لە هەرێمی كوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا تا ئێستا 305 حاڵەتی دەستنیشانكردنی هەڵگری ڤایرۆسی ئایدز تۆماركراوە، لەو ژمارەیەش کە تەنها 52 تووشبوو لە هەرێمی كوردستان بوون و 253 حاڵەتیش بیانی بووە.

بابەتی پێشتر

چێڵسی و لامپارد تێکەڵ بە هاوکێشەی ئالابا دەبن

بابەتی دواتر

مەشقە ئامادەکاریەکانی بایرن میونشن بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئەتلەتیکۆ مەدرید لە خولی یانە پاڵەوانەکان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share