ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ڕوونكردنەوە لەبارەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەدات، جەختیشدەكاتەوە لە یاساكەدا باس لە كەمكردنەوەی دەرماڵە نەكراوە، بەڵكو ڕێكخستنەوەیە و گرفتەكە لەوەدایە زۆرینەی مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەكان دەرماڵەیە و بەشێكی بە ڕێنمایی خەرجكراون.
سەركۆ ئازاد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، یاسای چاكسازی بە چەند قۆناغێك جێبەجێكراوە و تا ئێستا سێ ڕاپۆرت لەسەر جێبەجێكردنی یاساكە ئامادەكراوە و دەبووایە پێشتر حەوت ڕاپۆرت ئامادەبكرایە، كۆبوونەوەشمان لەگەڵ فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون كردووە و ڕایانگەیاندووە پڕۆسەكە پێویستی بە دیراسەی ورد هەیە بۆیە سێ ڕاپۆرت ئامادەكراوە.
ئاشكرایكرد، “لە یاسای چاكسازیدا باس لە بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەران و مووچەخۆران نەكراوە، بەڵام بەپێی یاساكە دەبێت دەرماڵەكان ڕێكبخرێنەوە و گرفتەكەش لەوەدایە بەشێكی دەرماڵەكان بە ڕێنمایی خەرجكراون بۆیە مەترسی لەسەر بڕینی دەرماڵەكان هەبووە و دوای دروستكردنی ئەو گوشارە لەلایەن مووچەخۆران وڕای گشتییەوە دەرماڵەی مووچەخۆران دەستكاری نەكرا”.
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، “پێشتر هەوڵێك هەبووە دەرماڵەی خۆراك بۆهێزەكانی ناوخۆ تەنها بۆ ئەو ڕۆژانە خەرجبكرێت كە لەئەركدان و ئەگەر 15 ڕۆژەكەی دیكەی كە ئەركەكەیان تەواو دەبێت دەرماڵەكەیان بۆ خەرجنەكرێت و دەرماڵەی 150 هەزاری مامۆستایانیش پێشنیاز كرابوو ببڕدرێت، بەڵام لە ئێستادا ئەو بابەتانە قسەیان لەسەر ناكرێت كە ڕای گشتی لەسەری هاتەدەنگ”.