ناسا ئامادەكاری بۆ هەڵدانی مووشەكی مانگ دەكات

ڕووداوێكی گرنگە لە هەوڵی واشنتن-دا بۆ ناردنی كەشتیوانانی بۆشایی ئاسمان بۆسەر ڕووی مانگ

ئاژانسی بۆشاییگەڕی ئەمریكی (ناسا) ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی ئەمڕۆ مووشەكە نوێیەكەی بەرەو مانگ هەڵبدات، پاش چاكسازیكردن لە دزەكردنی سوتەمەنی و كاركردن لەسەر هەستەوەری بزوێنەر كە بووەهۆی شكستپێهێنانی هەوڵی یەكەم.

گەشتی دەستپێكی مووشەكەكە، كە بەهێزترینی تائێستای ناسایە و درێژییەكەی 322 پێ (98 مەترە)، لەكاتێكی درەنگی دووشەممەی ڕابردوودا دواكەوت.

بۆیە جارێكی دیكە ئەژماری پێچەوانەی كات لە ناوەندی كێنیدی بۆ بۆشایی ئاسمان دەستیپێكردووەتەوە، دوای ئەوەی بەڕێوەبەران متمانەی خۆیان لە پلانەكەیان نیشاندا و شارەزایانی كەشناسیش بوونی كەشێكی گونجاویان دووپاتكردەوە.

لە بەشی سەرەوەی مووشەكەكەدا كەپسولی تیمەكەی هەیە كە سێ بوكەڵەی تاقیكردنەوەی تیایە و بەرەو مانگ دەفرێت و لەماوەی شەش هەفتەدا دەگەڕێتەوە بۆ خولگە، ئەمەش یەكەم هەوڵی لەوجۆرەی ناسایە لەدوای بەرنامەی ئەپۆلۆ بەر لە 50 ساڵ. گەشتی داهاتوو بە ناردنی كەشتیوانانی ئاسمانی دەبێت لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا.

بیل نیلسۆن بەڕێوەبەری ناسا وتی، متمانەی زۆرتری هەیە بەم هەوڵەی دووەمی هەڵدانی مووشەكەكە، بە بەراورد بە هەموو ئەوانەی ئەندازیاران لەبارەی هەوڵی یەكەم پێیانداوە.

هەڵدانی مووشەكەكە ڕووداوێكی گرنگە لە هەوڵی واشنتن-دا بۆ ناردنی كەشتیوانانی بۆشایی ئاسمان بۆسەر ڕووی مانگ، بۆ یەكەمجار لەدوای كۆتاییهاتنی بەرنامەی ئەپۆلۆ بەر لە 50 ساڵ.

بابەتی پێشتر

كارگەكانی بەریتانیا بەهۆی نرخی كارەباوە لەبەردەم مەترسیی داخستندان

بابەتی دواتر

نزمترین پلەكانی گەرما لە هەرێم بۆ خوار 20 پلە دادەبەزێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share