بزوتنەوەی گۆڕان وەڵامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەداتەوە و ڕایگەیاند، بزوتنەوەی گۆڕان تەنھا و تەنھا بەمەبەستی چاكسازی و ڕاستكردنەوەی باری لاسەنگی دارایی و شەفافیەت لە داھات و بنەبڕكردنی گەندەڵی و قاچاخچێتی ڕێكەوتنی ئەنجامداوە.
لە ڕاگەیەنراوێکدا بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، ” سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی وەك جۆرێك لە ھەڕەشە ڕایگەیاند كە داوا لە حزبەكەی دەكات بە رێككەوتنی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بچێتەوە”.
فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێت ئێمە ڕایدەگەیەنین:
- بزوتنەوەی گۆڕان تەنھا و تەنھا بەمەبەستی چاكسازی و ڕاستكردنەوەی باری لاسەنگی دارایی و شەفافیەت لە داھات و بنەبڕكردنی گەندەڵی و قاچاخچێتی ڕێكەوتنی ئەنجامداوە و بەشداری لەحكومەت كردووە.
- لە دروستبوونی ئەم حكومەتەوە ، بزوتنەوەی گۆڕان پشوودرێژانە شانی داوەتەبەر ھەموو ئەو نەھامەتییانەی كە حوكمڕانی كوردی لە دوای ڕاپەڕینەوە بەرھەمی ھێناوە ، ھەموو ئەوەش لەپێناو چاکسازی ومانەوەی قەوارەی ھەرێم و دوبارەنەبوونەوەی ئەزمونی دووئیدارەیی بووە.
- ھەرچی پۆستی بزوتنەوەی گۆڕان ھەیە لە حكومەتدا ، مافی خۆیەتی نەك تەنھا وەك پشكی حزبیی ، بەڵكو گەر وەك ھاوڵاتیش كە ژمارەی ڕاستەقینەی زۆر زیاترە لەوەی كە لەئەنجامی ھەڵبژاردنەكان ڕاگەیەنراوە ، بزوتنەوەی گۆڕان لەپێناو مانەوەی ھەرێمدا بە ٪١٢ی پۆستەكان ڕازی بووە كە خودی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیش دەزانێت چی دزی و ساختەكارییەك لە ھەڵبژاردنەكاندا ئەنجامدراوە.