هاندەرانی مونشنگلادباخ چواری بەرەبەیان ئینتەرمیلانیان لە خەو ڕاپەڕاند

هاندەرانی بوروسیا مونشنگلادباخ بە یارییە ئاگرین ستافی ئینتەرمیلانیان بێزارکردووە

بەشێک لە هاندەرانی یانەی بوروسیا دۆرتمۆند بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سێشەممە لەبەردەم هۆتێلی تایبەتی یانەی ئینتەرمیلان یارییە ئاگرینەکان دەتەقێنن و ستافەکەی ئەنتۆنیۆ کۆنتی لە خەو ڕادەپەڕێنن.

بڕیارە ئەمشەو لە چوارچێوەی ڕوبەڕوبوونەوەکانی گەڕی پێنجەم لە قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ، یانەی بوروسیا مونشنگلادباخ لە بوروسیا ستادیەم ڕوبەڕوی یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی ببێتەوە.

یانە ئەڵمانییەکە تاوەکو ئێستا بە کۆکردنەوەی هەشت خاڵ لوتکەی ڕیزبەندی گروپەکەی گرتووە، لە پلەی دووەمدا یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی هاتووە بە حەوت خاڵەوە و پاشان یانەی شاختار و لە کۆتاییشدا ئینتەر بە دوو خاڵەوە.

ڕوبەڕوبوونەوەی ئەمشەو بۆ بوروسیا و ئینتەر یەکلاکەرەوەیە، هەردوو یانە بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، تەنانەت هاندەرانی یانە ئەڵمانیەکە ئامادەبوون بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە ڕێگەیەکی نایاسایی یاریدەی یانەکەیان بدەن.

وێنەیەکی ڕووداوەکە لەلایەن هاندەرانی ئینتەرمیلانەوە بڵاوکراوەتەوە

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی، کاتژمێر چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بەشێک لە هاندەرانی مونشنگلادباخ لەبەردەم ئەو هۆتێلەی یانە ئیتاڵیەکەی لێدابەزیوە هەستاون بە تەقاندنی یارییە ئاگرینەکان. ستافی نێراتزۆریان لە خەو ڕاپەڕاندووە، دواتر لە ڕێگەی ئاژاوەگێڕی و فڕێدانی بەرمیلی خۆڵ و پاشان هەڵواسینی بانەرێکی گەورە نەیانهێشتووە ستافەکەی کۆنتی بحەوێنەوە، تەنانەت هاندەرانی یانە ئیتاڵییەکە لە خەو ڕاپەڕیون و بە مۆبایلەکانیان وێنەی ڤیدیۆی ڕووداوەکانیان تۆمارکردووە.

سەرچاوەکان پێیان وایە ، بەهۆی ئەم ڕەفتارەی هاندەرانەوە ئەگەرێکی زۆر هەیە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا سزای دارایی قورس بەسەر یانە ئەڵمانییەکە بسەپێنێت.

بابەتی پێشتر

بزوتنەوەی گۆڕان: مەبەستمان تەنها ڕاستکردنەوەی باری لاسەنگی دارایی و بنەبڕکردنی گەندەڵییە

بابەتی دواتر

ئەو ڤاکسینەى دێت بۆ کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share