لە دانیشتنی كردنەوەی خولی پایزەدا خوێندنەوە بۆ دوو پڕۆژەیاسا كرا

لە دانیشتنی كردنەوەی خولی پایزەی خۆیدا پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دوو پڕۆژەیاسای تایبەت بە كار و هەمواری یاسای ئەنجومەنی شورا كرد.

كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ به ‌سه‌رۆكایه‌تیی ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان دانیشتنی ژماره‌ (1)ى ئاسایی خولی پایزه‌ى ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.

سه‌رۆكی په‌رله‌مان لە وتاری كردنه‌وه‌ی خولی پایزه‌دا ڕایگه‌یاند، ده‌سپێكی وه‌رزی پایزه‌ی ساڵی چواره‌م له‌ كاتێكدا ڕاده‌گه‌یه‌نین كه‌ عێراقی فیدڕاڵ به‌ دۆخێكی سه‌ختدا تێده‌په‌ڕێت و هێشتا له‌ چاوه‌ڕوانیی ئه‌گه‌ری نه‌خوازراو و به‌ده‌ر له‌ حوكمی عه‌قڵ و لۆژیكدایه‌ و نه‌گرتنه‌به‌ری بژارده‌ی گفتوگۆ وه‌ك میكانیزمى عه‌قڵانى گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگی بنیاتنه‌رانه‌، بووه‌ته‌ هۆكاری لێكترازان و جۆرێك له‌ ناسه‌قامگیری سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روونی، ئابووری و ئه‌منی ئه‌وتۆ كه‌ پێشبینیكردنی ئاكامه‌كانی هه‌روا ئاسان نییه‌ و وڵاته‌كه‌ به‌ ئاقاری چاره‌نووسێكی نادیاردا هه‌نگاو ده‌نێت.

وتیشی، “له‌م نێوه‌نده‌دا و له‌و ڕوانگه‌یه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه‌ له‌و ده‌وڵه‌ته‌ فیدڕاڵییه‌ی كه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ دۆخی مه‌ترسیداره‌ و ناكرێت پێمانوابێت پریشكی به‌ر ئێمه‌ش ناكه‌وێت”.

داواشی له‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان كرد كە گوتاریان یه‌كبخه‌ن و ڕیزه‌كانیان تۆكمه‌ بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی به‌ حیكمه‌تەوە مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخی نوێی عێراق بكرێت.

پاشان سه‌رجه‌م سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان، وته‌یان پێشكه‌شكرد و تیایدا جه‌ختییان له‌سه‌ر كارى پێكه‌وه‌یی و پێویستیی نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمی كوردستان و ناردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان كرده‌وه‌ و پاڵپشتیی خۆشیان بۆ هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌تى هه‌رێم له‌ جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی ده‌ربڕی، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

هه‌ر له‌ وته‌كانیاندا سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان، باسیان له‌ كێشه‌ و ئالنگارییه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و بارودۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان كرد و جه‌ختییان له‌سه‌ر یه‌كڕیزی و ته‌بایی و یه‌كده‌نگیی نێوان حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان كرده‌وه‌ له‌پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌له‌كه‌مان و پاراستنی قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان.

ئاماژه‌شیان به‌پێویستیی دامه‌زراندن و به‌ هه‌میشه‌ییكردنی فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست و وانه‌بێژان و دامه‌زراندنی سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان و ڕێكخستنه‌وه‌ى باج و ڕسومات و كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕۆتین و پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران و گێڕانه‌وه‌ى مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان و ڕێكخستنه‌وه‌ و یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ كرد و تیشكیان خسته‌سه‌ر كێشه‌كانی هاوڵاتییان و كه‌میی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كانی وه‌ك كاره‌با و ئاو و ڕێگه‌وبان و گرانیی نرخی سووته‌مه‌نی و كاڵا و كه‌لوپه‌ل له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا.

به‌پێی خاڵی پێنجه‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ش، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ به‌جیا خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ هه‌ردوو پڕۆژەیاسای كار لە هەرێمی كوردستان و پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان، ژمارە (14)ی ساڵی 2008 كرا و لەلایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كران.

بابەتی پێشتر

چی لە تانكەرەكانی غاز دەكرێت؟<br>"ئێستا" نهێنیی سەرهەڵدانەوەی قەیرانی غاز ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

ئازاد حەمەئەمین: گرفتی كۆگاكان زیانی گەورەی بۆسەر بەشە خۆراكی مانگانە دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وەزیری خوێندنی باڵا: هەر كەسێك دەستێوەردان لە تاقیكردنەوەكاندا بكات رووبەڕووی سزا دەكرێتەوە

وەزیری خوێندنی باڵا دوای بەسەركردنەوەی هۆڵی تاقیكردنەوەكانی توانستی زانستی رایدەگەیەنێت، هەر کەسێک کەمتەرخەمى یان دەستتێوەردانى ناڕەوا لە پرۆسەکەدا…
Total
0
Share