لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمان مەترسییەك ڕادەگەیەنێت

لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمان ڕایدەگەیەنێت، نەوتی سپی و چەند ماددەیەكی دیكە تێكەڵدەكرێن و ماددەیەكی زیانبەخشی لێدروستدەكرێت وەك گازوایل دەفرۆشرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی پەرلەمانی كوردستان كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، بە مەبەستی تاوتوێكردنی كێشە و گرفتەكانی بەردەم دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا و چەند پرسێكی تری پەیوەست بە كاری لیژنەكە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆسێشەممە لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی كۆبووەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی چۆنییەتی دانانی كارنامەی لیژنەكە بۆ وەرزی نوێی یاسادانان كرا و دواتر باس لە گرفتەكانی بەردەم شێوازی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا و كەمیی غازی ماڵان كران، بەتایبەت لە ئێستادا كە نرخی نەوتی سپی زۆر بەرزبووەتەوە و هاوڵاتییان ناتوانن لە بازاڕی ئازاددا بیكڕن، بۆیە لیژنەكە بڕیاریدا سەردانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بكات بە مەبەستی چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، لەبەرئەوەی ساڵانە پێش وەرزی زستان ئەو كێشە و گرفتانە دووبارەدەبنەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، بڕیاردراوە نووسراوێك بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بەرزبكرێتەوە كە نووسراوێك ئاراستەی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز بكات بەمەبەستی دابینكردنی بڕی پێویست لە نەوتی سپی و غازی ماڵان بۆ هاوڵاتییان، بەپشت بەستن بەو بڕە غازە كەمەی كە ئێستا دابەشدەكرێت و لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرمادا خواست لەسەر غاز زیاددەبێت و بەمەش دووبارە قەیران دروستدەبێت.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، لیژنەكە داوا دەكات حكومەت بڕیار و پلانی هەبێت بۆ دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا، چونكە لەئێستادا ڕۆژ بە ڕۆژ نرخی نەوت گران دەبێت و یەكێك لە هۆكارەكانی گرانبوونیشی ئەوەیە كە گازوایلی كوالێتيی باشی پاڵاوگە فەرمییەكان ڕەوانەی دەرەوە دەكرێت، نەوتی سپی و پاشماوەی ڕۆنی ئۆتۆمبێل و چەند ماددەیەكی تر تێكەڵ دەكرێن و ماددەیەكی زیانبەخشی لێدروست دەكرێت‌ و وەك گازوایل دەفرۆشرێت، هاوكات لیژنەكە داواشدەكات هەناردەی گازوایل ڕابگیرێت و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش بە لیژنەكەیان ڕاگەیاندووە كە ئاگاداری ئەو هەناردەیە نین و مۆڵەتیان پێنەداون.

بابەتی پێشتر

بەرهەم ساڵح: قەیرانی سیاسیی وڵات كۆتایی نەهاتووە

بابەتی دواتر

هێزی دەریایی ئەمریكا پوچەڵكردنەوەی هەوڵێكی ئێران ڕادەگەیەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share