سەدر بە تویتێك گڕی لە عێراق بەردا و بە وتارێك هەوڵی خامۆشكردنی دەدات

موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر، داوای لێبوردنی لە گەلی عێراق كرد و دژایەتیی خۆی بۆ شەڕ و توندوتیژی دووپاتكردەوە و هەڕەشەی لە لایەنگرانی كرد ئەگەر نەكشێنەوە، ئەوا حاشایان لێدەكات و هەڵوێستی بەرامبەریان دەبێت.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە حەنانە، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، لە دوێنێوە بە یەكجاری لە گۆڕەپانەكە كشاوەتەوە و دژی شەڕ و توندوتیژییە و وتی، “بكوژ و كوژراو وەكو یەكترن و هەردووكیان لە دۆزەخدا دەبن. پێشتر نیشتمانەكەم دیلی گەندەڵی بوو، بەڵام ئێستا دیلی گەندەڵی و توندوتیژیشە”.

لە درێژەی وتەكەیدا لەبارەی توندوتیژییەكانی دوێنێ و ئەمڕۆوە سەدر ڕایگەیاند، “نەفرەت لەو شۆڕشە كە هانا بۆ گولـلە و ئاڕ بی جی ببات. ئەو شۆڕشەی توندوتیژیی تێكەڵببێت شۆڕش نییە و من چیتر بە شۆڕش ناوینابەم”.

ڕێبەری ڕەوتی سەدر، سوپاسی هێزە ئەمنییەكانی كرد و هەڵوێستیانی بە شكۆمەند ناوبرد. هەروەها سوپاسی ئاراستەی چەكدارانی حەشدی شەعبی كرد و وتی، “سوپاس بۆ چەكدارانی حەشدی شەعبی، ڕەنگە سەركردە و فەرماندەكانیان پەیوەندییان بەم دۆخەوە هەبێت، بەڵام دڵنیام چەكدارەكانیان لەم دۆخە بێبەرین و یەك گولـلەش ناتەقێنن”.

موقتەدا سەدر داوای لە لایەنگرانی كرد لە ماوەی كاتژمێرێكدا بكشێنەوە و هەڕەشەی لێكردن كە ئەگەر نەكشێنەوە، ئەوا هەڵوێستی بەرامبەریان دەبێت و ڕایگەیاند، “ئەگەر خۆپیشاندەران لە بەردەم پەرلەمان نەكشێنەوە حاشایان لێدەكەم و هەڵوێستێكی دیكەم بەرامبەریان دەبێت. خەڵك تاوانیان چییە لە دوێنێوە تۆقێندراون و لە ماڵەكانیاندا بەستراونەتەوە”.

دوای وتەكانی سەدر، بەشێك لە لایەنگرانی دەستیانكرد بە كشانەوە لە ناوچەی سەوزی بەغداد.

دوێنێ دووشەممە موقتەدا سەدر لە تویتێكدا كشانەوەی یەكجاریی خۆی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق ڕاگەیاند و ڕاستەوخۆ دوای پەیامەكەی، لایەنگرانی ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەكانی ناوچەی سەوزی بەغداد بوونەوە و شەڕ و كوشتار دەستیانپێكرد.

بابەتی پێشتر

كازمی پەیامێكی سوپاسگوزاری ئاراستەی سەدر دەكات

بابەتی دواتر

ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی 12ی ئامادەیی ڕادەگەیەندرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

قەدەغەی هاتوچۆ درێژکرایەوە

لیژنەی باڵای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان رایگەیاند، بڕیاردرا بە درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لەنێوان شارەکان تاوەکو کۆتایی رۆژی هەینی. لە…
زیاتر ببینە

شێوازی كڕینی بەنزین دەگۆڕدرێت

لە نوێترین بڕیاریدا، بانكی ناوەندیی عێراق، پارەدانی شۆفێران لە بەرامبەر كڕینی بەنزیندا دەگۆڕێت بۆ ئەلیكترۆنی. بانكی ناوەندیی عێراق…
Total
0
Share