سەرۆك وەزیرانی عێراق، پەیامێكی سوپاسگوزاری ئاراستەی سەدر دەكات و دەڵێت، بانگەوازەكەی سەدر بۆ ڕاگرتنی توندوتیژییەكان بەرزترین ئاستی نیشتمانپەروەرییە.
مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پەیامێكدا كە ئاراستەی موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدری كردووە دەڵێت، “بانگەوازەكەی موقتەدا سەدر بۆ ڕاگرتنی توندوتیژییەكان بەرزترین ئاستی نیشتمانپەروەری و پەرۆشییە بۆ پاراستنی خوێنی عێراقییەكان”.
دەشڵێت، وتارەکەی سەدر “هەموو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و نەتەوەیی لە خۆگرتووە بۆ ڕاگرتنی پەرەسەندنە ئەمنییەكان و دەستپێکردنی دیالۆگێکی خێرا و بەرهەمدار بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان”.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، موقتەدا سەدر داوای لە مانگرتووانی ڕەوتەكەی و ئەوانەشی كە لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەدان كرد، كە لە ماوەی 60 خوولەكدا كۆتایی بە گرژی و مانگرتنەكانیان بهێنن”.