ئایا بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر گرژییەکانی دوێنێی پەرلەمان بوون بە دوو بەشەوە؟

 لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی کوردستاندا، پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و بەشێک لە پەرلەمانتارانی یەکێتی و گۆڕان ناڕەزاییان لەسەر پرسی موچە نیشاندا و گرژی لەناو هۆڵی پەرلەماندا دروستبوو، بەوهۆیەوە دانیشتنەکە هەڵگیرا.

” هه‌رده‌ربڕینێكی وه‌ك سوكایه‌تی یان زمانێكی نه‌شیاو کلتوری ئێمە نییە و دژایەتیی دەکەین”

لەو بارەیەوە عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک نوسیوییەتی، ” ساڵێكە بە دەیان بەڵگەوە باسی قاچاخی و کۆمپانیاکاری خاڵە سنوریەکان و دزینی داھات دەکەین، باسی دیارنەبوونی پارەی نەوت  دەکەین، ماوەی ساڵێکە چەندین جار بە فەرمی داوای دانیشتنی پەرلەمانمان کردوە، بەڵام لەبەر ئەوەی لوتکەی دەسەڵاتی لە پشتە دانیشتن ناکرێت!! بۆیە کە یەک ساڵ گوێت لێنەگیرێت، ئیدی ناچاری بەدەنگی بەرزتر ھاوار بکەیت”.

لە دوای پشێوییەکانی پەرلەمانی کوردستان و بەشداری بەشێک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی گۆڕان لەو ناڕەزاییانەدا، لە ڕاگەیەنراوێکدا بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، ” بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی زمانێكی شارستانی و سیاسی هاوچه‌رخه‌ بۆ گوزارشتكردن و هه‌ڵوێست ده‌ربڕین له‌سه‌ر پرس و ئاریشە سیاسیی و ئابوری و داراییه‌كانی هه‌رێم و حکومەتی ئیتیحادی، كه‌ زه‌مینه‌سازی بكات بۆ لێكتێگه‌یشتن و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر ده‌ربڕینێكی دیكه‌ كه‌ وه‌ك سوكایه‌تی، یان زمانێكی نه‌شیاو دژی کەسایەتیە سیاسیه‌كان، یاخود حیزبه‌كان به‌كاربهێنرێت كلتوری سیاسی ئێمه‌ نیە و دژی دەبین و نوێنه‌رایه‌تی گوتاری سیاسیمان ناكات”.

لەلایەکی دیکەوە عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان نوسیوییەتی، ” گۆران حیزبی دەنگدەرە، ئەوەی نوێنەرایەتیی دەکات پەرلەمانتارەکانیەتی کە متمانەی خەڵکیان وەرگرتووە، هیچ کەسێک ناتوانێت لە گوزارشتکردن لە ڕای ڕاستەقینەی گۆڕان ڕامانبگرێت”.

” ئەو ڕاگەیەنراوە بۆ ڕەتکردنەوە یان دژایەتیی تیمی بزوتنەوەکە نییە لە پەرلەمان”

سەبارەت بە دژیەکی لە ڕاگەیەنراوی فەرمی بزوتنەوەی گۆران و هەڵوێستی بەشێک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکە لە پەرلەمانی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان ڕەتیدەکاتەوە بەو ڕاگەیەنراوە دژایەتی ئەندام پەرلەمانەکانیان یاخود تیمەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان یان عێراق بکەن.

ئەوەی تۆڕی میدیایی ئێستا لە سەرچاوەیەکی ناو بزوتنەوەی گۆڕانەوە زانیوییەتی، ڕاگەیەنراوەکە لە کاتێکی نەگونجاودا بڵاوکراوەتەوە، بەڵام ئەو ڕاگەیەنراوە بە مانای ئەوە نایەت کە بزوتنەوەی گۆڕان دژایەتیی پەرلەمانتارانی بزوتنەوەکە بکات یاخود ڕای ئەوان ڕەتبکاتەوە، بەڵام ڕای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان تەنها لەلایەن بزوتنەوەکە خۆیەوە ڕادەگەیەنرێت.

ئەو سەرچاوەیە باس لەوەشدەکات کە هەر ئەندامێکی باڵا لە حزبەکانی دیکەشدا ئەگەر ئەندامی سەرکردایەتیی بن یان مەکتەبی سیاسی کاتێک قسە دەکەن گوزارشت لە ڕای فەرمی حزبەکەیان ناکەن، بۆیە ڕاگەیەنراوەکەی بزوتنەوەی گۆرانیش لەوچوارچێوەیەدایە، بەڵام ‘لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان و ئەندامانی پەرلەمانی عێراقیش لێکدانەوەی دیکەی بۆ کراوە و هەڵە تێگەیشتن هەبووە، ئەمەش پەیوەندی بە کاتی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەنراوەکەوە هەبوو، چونکە ڕاستەوخۆ دوای گرژییەکانی پەرلەمان بوو’.

ئەمە لاکاتێکدایە هەر دوێنێ دوای ڕاگەیەنراوی فەرمی بزوتنەوەکە، عەدنان عوسمان وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەکە لە نوسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک نوسیوییەتی، ” هەڵوێستی ئەمڕۆی پەرلەمانتارانی ناڕازی و بەتایبەتیش گۆڕانەکان، جێی ستایش و دەستخۆشی و پشتگیریە، ئەوە ئیتر گەڕانەوەیە بۆ بەهاکانی کارکردنی گۆڕانی ڕاستەقینەی دژ بە گەندەڵی و فەرهودیە”.

عەدنان عوسمان دەڵێت، ” بزوتنەوەی گۆڕان دەبێ بە دەسەڵات بڵێ ئیتر بەسە نەئێمەو نە میلەت لە تەحەمولماندا نەماوەو شەو و رۆژیش هەردوو قاچمان لەبەرەی مافخوراواندایە جڤاتیش دەبێ قسەی خۆی هەبێت”.

دوێنێ پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەندامدا و بەپێی ئەو بەرنامەی کارەی دیاریکرابوو بڕیاربوو هەریەکە لە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە‌یاسای په‌روه‌رده و خوێندن له‌ هه‌رێمی كوردستان و پرۆژەیاسای هه‌موارى یه‌كه‌می زانكۆ تایبه‌ته‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان بکرێت، هەروەها تەوەرێکی دیکەش گفتوگۆکردن بوو لەسەر دیاردەی کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک پەرلەمانتار داوایان کرد پرسی موچە باس بکرێت گرژی لە پەرلەمانی کوردستان دروستبوو و دانیشتنەکە هەڵگیرا.

بابەتی پێشتر

ئیندا: سه‌رۆکی ڕیاڵ مه‌درید هازارد له‌ هاوکێشه‌ی مباپێ به‌کارده‌هێنێت

بابەتی دواتر

تەرمی گەنجێک لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و چەند داواکارییەکی لە هاوڵاتییان کرد

سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، “لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی سەیران و گەشتوگوزار داواکارین هاوڵاتییان هاوکاربن لەپاکڕاگرتنی ژینگەی شارەکەمان.” لە راگەیەندراوێکدا…
Total
0
Share