بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێكی لە بارەی دۆخی عێراق و هەڵوێستی یەكێتیی لەبارەی پەكخستنی دەسەڵاتی دادوەری بڵاوكردەوە و داوادەكات تواناکان لەپێناو بەدیهێنانی زەمینەیەکی لەبار بۆ چاکسازی بەگەڕبخرێن، بە شێوەیەک کە خزمەت بە گەل بکات و دەستوور بنەمای کارکردن بێت.
لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویكردەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، “بە گرنگی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە چاودێریی ئەو پێشهاتە سیاسییانەمان کردووە کە لە وڵاتەکەمان ڕوویانداوە. پەرۆشی هەوڵەکانیشین لەپێناو یەکڕیزی و یەکخستنی تواناکان لەپێناو بەرژەوەندیی نیشتمانی و بەدیهێنانی زەمینەیەکی لەبار بۆ چاکسازی بە شێوەیەک کە خزمەت بە گەل بکات و دەستوور بنەمای کارکردن بێت”.
جەختدەكاتەوە، “بنەماکانی کارکردنیشمان لە ژێر ڕۆشنایی سیاسەتی سەرکردەی کۆچکردوومان مام جەلال سەرچاوەی گرتووە کە ئامادەیی گرنگ و کاریگەری هەبووە لە پێش و پاش ساڵی 2003”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە بارەی سیاسەتی یەكێتییەوە دووپاتیدەكاتەوە كە “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان درێژە بەو ڕێبازە دەدات و پەرۆشیی خۆی بۆ پرەنسیپەکانی کاری نیشتمانیی هاوبەش دووپاتدەکاتەوە لەپێناو پاراستنی ئەزموونە تازەکەی دیموکراسی، بنیادنانی عێراقێکی فیدراڵ، سەربەخۆ و پێشکەوتوو. لەم چێوەیەشدا جەخت لە پاراستنی یەکڕیزی، هەوڵە نیشتمانییەکان و زاڵکردنی زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی بەرهەمدار و پابەندبوون بە دەستوور دەکەینەوە کە دەنگی بۆ دراوە وەک بەڵگەنامەیەک بۆ گەشەپێدان و بەخۆداچوونەوە و پابەندبوون بە بڕگەکانییەوە”.
لە درێژەی پەیامەكەیدا، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لە چوونە بەردەم باڵەخانەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە بەغداد و پەكخستنی ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری و دەڵێت، “وەک هەموو هێزە نیشتمانییەکانمان باوەڕمان بە پێویستیی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان هەیە وەکو بنەمایەکی سەرەکی لە بنەماکانی بنیادنانی دەوڵەتێکی مەدەنی و دیموکرات. پێشمانوایە بەرپرسیارێتیی لایەنە جیاوازەکانە پابەندی ئەم بنەمایانە بن بە تایبەت سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، پارێزگاریکردن لە مافی هاوڵاتییان و دامەزراوە دەستوورییەکانی تر لە وڵاتدا. ئەو ڕووداوەش ڕەتدەکەینەوە کە بەسەر ئەم دامەزراوەیەدا هات و پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکان ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارانە بکەن”.
دڵنیایی دەدات، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم هەلومەرجەدا پابەندبوونی تەواوی خۆی بە زاڵکردنی دیالۆگ و ئامادەکردنی زەمینەیەکی سیاسیی لەبار دووپاتدەکاتەوە کە لەتوانایدابێت پڕۆژەیەکی چاکسازی بەرپابکات کە پشت بە بەرنامەیەکی پەسەندکراوی ھەمووان ببەستێت تاوەکو بتوانێت چاکسازیی پێویست بەدیبهێنێت و دەست بە بنیادنان و گەشەپێدانی وڵاتمان بکرێت.
لەبارەی گۆڕانكاری و ئەنجامدانی چاكسازییەوە، سەرۆكی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاندووە، “پشتیوانیی داخوازییە نیشتمانییەکان دەکەین لەپێناو چاکسازی و دووپاتیدەکەینەوە پاراستنی وڵات و سەقامگیرییەکەی، پاراستنی مافی هاوڵاتییان، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەشەپێدانی ئەدای دامەزراوەکان، پێویستی بە ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبارە لە لایەن هەموو هێزە سیاسییە کاریگەرەکانەوە و لە پێش هەمووشییەوە دیالۆگی نیشتمانیی جددی و دڵسۆزانە”.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت، “خودا عێراقی دیموکرات و فیدراڵ و سەربەخۆ بپارێزێت. ڕێپیشاندەر و یارمەتیدەری هەمووان بێت بۆ هەر کارێک کە خێری گەلەکەمانی تێدابێت بە هەموو پێکهاتەکانییەوە. هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە جگە لە یەکگرتن و دەستپێکردنی دیالۆگێک بە دڵی کراوە و مێشکێکی بە ئاگا لەو مەترسییانەی هەڕەشە لە عێراقمان و ئەزموونە سیاسییە دیموکراسییە تازەکەمان دەکەن”.