خاشاك ئەدنبەرەی سكۆتلاندی تەنیوە و بۆنی ناخۆش خەڵكی كاسكردووە، هۆكارەكەش مانگرتنی ژینگەپارێزانە.
وەك لە وێنەكاندا دەبینرێت، خاشاك و پاشماوەی ژیانی ڕۆژانە لە شەقام و سەر شۆستەكانی شاری ئەدنبەرە كۆبوونەتەوە و بەپێی وتەی دانیشتووانەكەی و گەشتیاران كە قسەیان بۆ میدیا كردووە، بۆنی ناخۆش بە شاردا بڵاوبووەتەوە و وەڕسیكردوون.
هۆكاری پەرشوبڵاوبوونەوەی خاشاك لە شوێنە گشتییەكانی شارەكەدا، دەگەڕێتەوە بۆ مانگرتنی ژینگەپارێزان و كرێكارانی شارەوانیی ئەدنبەرە، كە لە پێنجشەممەی ڕابردووەوە بۆ ماوەی 12 ڕۆژ مانگرتنیان ڕاگەیاندووە.
ژینگەپارێزان داواكارییان ئاراستەی شارەداری كردووە و داوای زیادكردنی مووچەكانیان دەكەن بە ڕێژەی 3%، بەڵام دەسەڵاتداران بەدەم داواكارییەكەوە نەچوون و هۆكارەكەی دەگەڕێننەوە بۆ ئەو هەڵاوسانەی شانشینی یەكگرتووی گرتووەتەوە.
پیسبوونی ژینگەی ئەدنبەرە و كۆبوونەوەی خاشاك لە كاتێكدایە، شارەكە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەڕێدەكات و دەیان هەزار هونەرمەند و گەشتیار ڕوویان لێكردووە. جەیمس توفالی میوزیكژەنە و لە لەندەنەوە چووەتە ئەدنبەرە، لە بارەی كۆبوونەوەی خاشاكەوە قسەی بۆ میدیا كردووە و وتوویەتی، “ماوەی چەند ڕۆژێكە میوزیكم نەژەنیوە، چونكە شوێنەكە لەگەڵ كەشی میوزیكدا یەكناگرێتەوە و بۆنی ناخۆش دەوروبەری تەنیوە”.