پەڕینەوەی كۆچبەران بۆ بەریتانیا ژمارەی پێوانەیی تۆماردەكات

ژمارەی ئەو كۆچبەرانەی گەیشتنە بەریتانیا لە ڕۆژێكدا ئاستی پێوانەیی تۆماركرد، لەگەڵ زیادبوونی هەوڵەكانی پەڕینەوەی كەناڵی ئینگلیزی مەترسیدار، سەرەڕای پلانی حكومەتی لەندەن بۆ ڕەوانەكردنیان بۆ ڕواندا.

وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ڕایگەیاند، ڕێگری لە 27 بەلەم كردووە كە هەزار و 295 كەس-یان هەڵگرتووە، پاش ئەوەی ڕۆژی دووشەممە كەناڵەكەیان بڕیوە، ئەم ژمارەیە ژمارەیەكی پێوانەیی پێشووی شكاند كە گەیشتنی هەزار و 185 كەسە لە ڕۆژێكدا و لە تشرینی دووەمی ڕابردوودا تۆماركراوە.

بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی ماوە تەواوبووی بەریتانیا هیواداربوو هەڕەشەی ڕەوانەكردنی كۆچبەران بۆ ڕواندا، كە لە نیسانی ڕابردوو ڕایگەیاند، سەرەڕای هەوڵەكانی دیكە وەك گرتنەدەستی بەرپرسیارێتیی ڕێگری لە كۆچبەران لەلایەن هێزی دەریایی وڵاتەكەیەوە، ڕێگربێت لەو كەسانەی بە بەلەمی بچوك هەوڵ بۆ گەیشتنە شانشینی یەكگرتوو دەدەن.

بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی لە نیسان-دا واژووكرا، بەریتانیا هەزاران كۆچبەر لەوانەی بەشێوەی نایاسایی خۆیان دەگەیەننە كەناراوەكانی، بۆ دووریی 64 هەزار كیلۆمەتر ڕەوانەدەكات.

بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو دادگای باڵا لە لەندەن دانیشتن لەسەر سكاڵایەك بكات كە دژ بە سیاسەتی ڕەوانەكردنی كۆچبەران بۆ ڕواندا تۆماركراوە.

پێشتریش یەكەم گەشت كە بڕیاربوو كۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە بگوازێتەوە، بە بڕیارێكی دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ لە دوا ساتەكاندا ڕاگیرا.

لە ساڵی 2021دا گەیشتنی 28 هەزار و 526 كەس بە بەلەمی بچووك بۆ ئەو وڵاتە تۆماركراوە، زۆرترین ژمارە ئێرانییەكان بوون، بەدوایدا هاوڵاتییانی عێراق، ئەریتریا و سوریا دێن.

لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە زیاتر لە 22 هەزار كۆچبەر گەیشتوونەتە بەریتانیا و بەرپرسانی حكومی هۆشداریدەدەن لەوەی ژمارەكە تا كۆتایی ئەمساڵ بگاتە 60 هەزار.

بابەتی پێشتر

"فۆرمولا 1" ناگەڕێتەوە بۆ ڕووسیا

بابەتی دواتر

هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆییكردنەسەر موڵكی گشتی دەستیپێكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share