كاركردن لە پڕۆژەی سلێمانی بیست بیست بەردەوامە، پڕۆژەكە كە شاری نیشتەجێبوون، كارگە و ناوچەی پیشەسازی و بازرگانی لەخۆدەگرێت ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە كاری تیادەكرێت.
پڕۆژەی سلێمانی بیست بیست چەند شارێکی نیشتەجێبوون، چەند کارگەیەک، ناوچەی پیشەسازی، ژمارەیەك گەنجینە، عەلوەی سلێمانی و چەند خوێندنگە و نەخۆشخانەیەك لەخۆدەگرێت.
پڕۆژەكە لەسەر ڕووبەری 22000 دۆنم دروست دەکرێت، ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی ماستەرپلانی شاری سلێمانی و ڕەخساندنی ژمارەیەکی زۆر هەلی کار و بەهێزکردنی بواری بازرگانی و لۆجستییە کە بە هاوبەشی لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت جێبەجێ دەکرێت، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوی پڕۆژەكەدا هاتووە.
زەردەشت ڕەفیق وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، شارەكە لۆجیستی، نیشتەجێبوون و پیشەسازییە.
وتیشی، “كاركردن تیایاندا بەردەوامە، بۆ نمونە شاری مامۆستایان، شاری ئابوریناسان كە دوو شاری نیشتەجێبوونن دەكەونە ناو پڕۆژەكەوە، هەروەها گەنجینەكانی ژووری بازرگانی و عەلوەی سلێمانی دەكەونە ناو پڕۆژەكەوە”.
پڕۆژەی سلێمانی بیست بیست لە فولكەی تانجەرۆوە دەستپێدەكات تا بازگەی عەربەت-سلێمانی، وەك ئەوەی وتەبێژی شارەوانی ئاماژەی پێدا.
وتیشی، ئەو پڕۆژانەی دراوە بە وەبەرهێن ئیشی تیاكراوە و بەردەوامە.
پڕۆژەكە دەكەوێتە ناو سنووری ماستەرپلانی شاری سلێمانییەوە، لە باشوورییەوە شەقامی سەرەكی (سلێمانی – عەربەت) بە درێژی (9 كم) بەناوەڕاستی پڕۆژەكەدا لەفولكەی قەرەداغەوە دەستپێدەكات تاوەكو كۆتایی ماستەرپلانی پڕۆژەكە، لە بەشی باكوور و ڕۆژئاواشەوە بە شەقامی (60 م) و لە بەشی ڕۆژهەڵاتیشەوە بە شەقامی (40 م) و لە باشوورەوە بە شەقامی (100 م) دەورەدراوە.
هەروەها ئەو هێڵی شەمەندەفەرەی لەنێوان (سلێمانی – كەركوك)ە و لە ماستەرپلانی شاری سلێمانیدا دانردراوە بەم پڕۆژەدا دەروات.