سەرباری پەیڕەوكردنی بڕگەكانی یاسای باری كەسێتی لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان كە ڕێگرن لە فرەژنی و بە چەند مەرجێك ڕێگە بە پیاو دەدەن ژنی دووەم بخوازێت، فرەژنی و بە تایبەت هێنانی ژنی دووەم لە باشووری كوردستان دیاردەیەكە بە بەربڵاوی ماوەتەوە، بەشێك لەو پیاوانەی زیاتر لە ژنێكیان كردووە بە هاوژینیان، یاسادانەر و سیاسییەكانن، كە ژنە چالاكوانێك بە پێشێلكارییەكی گەورەی یاسا و شكاندنی شكۆی ژن ناویدەبات و پارێزەرێكی پیاویش بە پێویستی دەزانێت بە یاسا زەمینەی فرەژنی بۆ پیاو بسازێندرێت.
لە بەدواداچوونێكدا بۆ دیاردەی فرەژنی و ژمارەی حاڵەتەكانی هاوسەرگیریكردنی دووەم و شیكردنەوەیان لە ڕووی یاساییەوە، تۆڕی میدیایی ئێستا گفتوگۆی لەگەڵ پارێزەر – هیوا غەریب و هانا شوان چالاكوانی بواری ژناندا كرد، ئەوانیش هاوشێوەی داتاكان، دوو بۆچوونی جیاوازیان لە بارەی دیاردەكە و لێكەوتەكانییەوە هەبوو.
پارێزەر – هیوا غەریب دەڵێت، “لە هەرێمی كوردستان بە یاسا ڕێگری لە فرەژنی كراوە، بۆیە پیاوان پەنادەبەنەبەر ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم و ناوەڕاست و باشووری عێراق، بە مەبەستی ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیریی دووەم و سێیەم و ئەوەش لێكەوتەی خراپی دەبێت، وەك بێبەشبوونی ژنان لە مافەكانیان”.
هیوا غەریب یاساكەی هەرێمی كوردستان بە پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام ناوزەد دەكات و بە پێویستی دەزانێت ئەو یاسایە هەڵبوەشێندرێتەوە یاخود كاركردن پێی ڕابگیرێت، یاسایەكی نوێ بۆ ڕێكخستنی ئەو پرسە دابڕێژرێت كە بنەماكەی شەریعەتی ئیسلام بێت و ڕێگە بە فرەژنی بدات، بەو پێیەی وەك ئەو وتی، “فرەژنی باشترە لەوەی پەناببرێتەبەر ڕێگە و شێوازی دیكە”.
پارێزەرەكە جەختدەكاتەوە، ژمارەی ئەو پیاوانەی هەرێمی كوردستان كە هاوسەرگیریی دووەمیان كردووە زۆرە، بەڵام داتای دروست لەبەردەستدا نییە و گرێبەستی هاوسەرگیری كە لە دەرەوەی هەرێم كرابێت، لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان جێگیرناكرێت و وتی، “زیاتر هاوسەرگیریی دووەمی سیاسییەكان ئاشكرادەبێت چونكە ناسراون و چاویان لەسەرە، ئەگەرنا پیاوانی زۆر، زیاتر لە هاوسەرگیرییەكیان كردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی داتای وردەوە، تەنها دەیان حاڵەت تۆماركراون”.
لە گفتوگۆیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئێستا، هانا شوان چالاكوانی بواری ژنان، ڕەخنەی لە چۆنێتیی مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی ژناندا گرت و ڕایگەیاند، “لە هەرێمی كوردستان هەوڵەكان بۆ شكاندنی هەموو ئەو یاسایانەن كە تایبەتن بە پاراستنی شكۆ و ژیانی ژنان، چ كوشتنی ژن كە بكوژەكان ماددەكانیان بۆ دەگۆڕدرێن یاخود لە یاسا هەڵدێن، چ فرەژنی كە بووەتە دیاردەیەكی ئاسایی و باو”.
ئەو پێیوایە خەڵك چاوەڕوانی ئەوە لە دامەزراوە یاسایی و سیاسییەكان (بە نموونە پەرلەمان) دەكەن، كە ببنە شوێنی چاكسازی و گۆڕانكاری و جێگەی پەیوەست بە ژیانی خەڵكەوە، بەڵام كاتێك لە شوێنێكی وەك پەرلەمانەوە پیاوان فرەژنی دەكەن و یاساشكێنی دەكەن، ئەوا پێشێلكارییەكە گەورەترە.
هانا شوان دەڵێت، “پێشێلكاری و یاساشكێنی بووەتە دیاردەیەكی باو، ئەوەش وادەكات خوودی سیاسییەكانیش مافەكانی ژنان پێشێلبكەن و یاساشكێنی بكەن، سەرئەنجام ئەو كارانە بە ئاسایی تێپەڕەبن و هەزاران پیاو فرەژنییان كردووە”.
بەپێی زانیارییەكانی “ئێستا”، لە هەرێمی كوردستان دەیان پیاو لە كەسایەتیی سیاسی و گشتی، هاوسەرگیریی دووەمیان ئەنجامداوە و بەشێكیان بە نهێنیی هاوسەرگیرییان كردووە.