سەرۆكی پەرلەمان: دەبێت ماف و داخوازییەكانی كرێكار لە كەرتی تایبەتدا پارێزراو بێت

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەبێت ماف و داخوازییەكانی كرێكار لە كەرتی تایبەتدا بە باشی پارێزراو بێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ یەكشەممە بە مەبەستی تاوتوێكردن و ئامادەكاری بۆ خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای كار لە هەرێمی كوردستان-عێراق، بە سەرپەرشتیی د. ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی فراوان لە نێوان وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و هەردوو لیژنەی كاروباری یاسایی و لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ بەڕێوەچوو.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا كە كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئامادەی بوو گفتوگۆی ورد لەبارەی ناوەڕۆك و ماددە و بڕگەكانی ناو پڕِۆژەیاساكە كراوە و سەرۆكی پەرلەمان ڕایگەیاندووە، “یاسای كار لە هەرێمی كوردستان بایەخ و گرنگییەكی زۆری هەیە، بەتایبەت لە ڕووی مافی خانەنشینی و دابینكردنی بیمەی ژیان و تەندروستی و كۆمەڵایەتییەوە، ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان جەختدەكەینەوە لەوەی كە پێویستە یاسای كار پارێزەری سەرجەم مافە ڕەواكانی كرێكاران بێت لە تێكڕای سێكتەرە جیاوازەكاندا.

سەرۆكی پەرلەمان جەختیكردووەتەوە، “دەبێت ماف و داخوازییەكانی كرێكار لە كەرتی تایبەتدا بەباشی پارێزراوبێت لەپێناو ھاندان و بەھێزكردنی كەرتی تایبەت و ڕەخساندنی دەرفەتی كاری زیاتر بۆ گەنجان و سوود وەرگرتن لە بەھرە و تواناكانیان لە سێكتەرەكانی پیشەسازی، كشتوكاڵ و خزمەتگوزارییە گشتییەكانی دیكەدا”.

بابەتی پێشتر

پیاوێك بە بەرچاوی منداڵەكانییەوە بە چەقۆ كوژرا

بابەتی دواتر

کامپۆس هۆشداری بە ڕامۆس داوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share