گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ زەوییەكانی 8ی حەسارۆك، گرفتی 18 ساڵەی هەولێرە، ئەمڕۆ گرێبەستی جێبەجێكردنی واژوووكرا.
ڕاگەیاندنی ئەنجامدانی گرێبەستەكە هاوكات بوو لەگەڵ گردبوونەوەی ناڕەزایی بەشێك لە خاوەن زەوییەكان.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامدانی گرێبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ زەوییەكانی 8ی حەسارۆك لە هەولێر ڕاگەیاند و بڕیارە لەلایەن كۆمپانیایەكی ناوخۆییەوە جێبەجێ بكرێت.
بەپێی گرێبەستەكە خزمەتگوزاری ڕێگاوبان، ئاو و ئاوەڕۆی زەوییەكان دابین و چارەسەردەكرێت.
لای خۆیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، خۆشحاڵە بەوەی چارەسەركردنی گرفتێكی 18 ساڵەی شارەكە هەنگاوە كردارییەكانی دەستپێدەكات.
بەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەكە بەشێك لە خاوەن زەوییەكان گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا و لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنووسان گازندەی خۆیان لە دواخستنی بەڵێنەكانی حكومەتی هەرێم دەربارەی چارەسەری خزمەتگوزارییەكان خستەڕوو.