لەسەر داوای مستەفا کازمی، ئەمڕۆ سەرکردەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە مەبەستی چارەسەر بۆ دۆخی ئێستای عێراق و ناکۆکی نێوان لایەنەکان کۆدەبنەوە.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، بڕیارە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان، لە باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەبچێت، بە مەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و ڕزگاربوون لەو دۆخەی عێراق تێیکەوتووە.
کۆبوونەوەکە لەسەر داوای مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکرێت و ئامانج لێی دەستپێکردنی ڕەخساندنی كەشێكی گونجاو بۆ دەستپێكردنی دیالۆگی نیشتمانی و كەمكردنەوەی گرژییەكان.
پێشتر كازمی ڕایگەیاندبوو، “ئامانجی سەرەكی لە كۆبوونەوەكە دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی نیشتمانی جددی و بیركردنەوەیەكی هاوبەشە لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەری قەیرانی سیاسیی عێراق و هێوركردنەوەی گرژییەكان و ڕەخساندنی ژینگەیەكی گونجاوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی و دەستووریی، بە جۆرێك لە ئاستی خواستەكانی گەلانی عێراقدا بێت.”