سەدر داوادەكات سەرۆك كۆمار وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریبكات

ڕەوتی سەدر، سكاڵا لە دژی سێ سەرۆكایەتییەكە تۆماردەكات و داواكارە سەرۆك كۆمار وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریبكات.

ئەمڕۆ یەكشەممە، نەساڕ ڕوبەیعی ئەمینداری گشتیی ڕەوتی سەدر، سكاڵای دژی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق تۆماركرد و داواكارە ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبوەشێندرێتەوە، لە كاتێكدا ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەری، وەڵامی داواكارییەكی پێشتری موقتەدا سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی دایەوە و ڕایگەیاند، ئەو دەسەڵاتەی نییە.

لە سكاڵاكەی ئەمینداری گشتیی ڕەوتی سەدردا هاتووە، “خوولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبوەشێندرێتەوە و سەرۆك كۆمار پابەندبكرێت وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریبكات بەپێی ماددەی 64/ دووەمی دەستوور”.

نەساڕ ڕوبەیعی ئەمینداری گشتیی ڕەوتی سەدر، لە سكاڵاكەیدا داوایكردووە كۆی تێچووی دۆسیەكە بخرێتە ئەستۆی ئەو سێ لایەنەی كە سكاڵاكەیان لە دژ تۆماركراوە.

ڕۆژی 10ی ئەم مانگە، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوای لە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كرد ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبوەشێندرێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ یەكشەممە ئەنجومەنی باڵای دادوەری بە نووسراوێك وەڵامی سەدری دایەوە و ڕایگەیاند، ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی نییە.

بابەتی پێشتر

بەغداد ڕێگرە لە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ مەخمور

بابەتی دواتر

نۆتنگهام فۆرێست 1-0 وێستهام

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share