لافاوەکەی پاکستان.. “قڕکردنێکی ئاووهەوا” کە پێشتر هاوشێوەی نەبووە

هەفتەی ڕابردوو بارانبارینی وەرزی و لافاو پاكستانی گرتەوە و ئاوێکی زۆر زیاتر کۆبووەوە لەسەر ئەو بڕە ئاوەی  کە دوو مانگە بەهۆی لافاوەوە كەڵەكە بووە و بەهۆیەوە سەدان كەس گیانیان لەدەستدا و دەیان ملیۆن كەسیش ئاوارەبوون.

حکومەتی پاکستان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەستیانکرد بە فریاگوزاری بۆ ڕزگارکردنی خەڵک.

لافاوێکی زۆر ڕێگاوبان، ماڵ، قوتابخانە و نەخۆشخانەکانی زۆربەی پاکستانی گرتەوە و ملیۆنان کەسی ناچار کرد ماڵەکانیان جێبهێڵن، هەروەها بە نزیکەیی هەموو بەرهەمەکانی وڵاتەکە لە ئاژەڵ و گەنم زیانیان بەرکەوتووە ئەوەش بووەهۆی ئەوەی هۆشداری لە قەیرانی خۆراک بدرێت.

ئێستا ئاوی لافاو نزیکەی یەک لەسەر سێی وڵاتی گرتووەتەوە، پێشبینیش دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا بارانێکی زیاتر ببارێت.

ئیحسان ئیقبال وەزیری پلاندانانی ئەو وڵاتە دەڵێت، زیانەکانی لافاوەکە زۆر زیاترە لە خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، کە نزیکەی 10 ملیار دۆلارە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕایگەیاندووە، کە لافاوەکە ئەو وڵاتەی ئیفلیج کردووە کە لە ئێستاوە بەدەست قەیرانی ئابووری و هەڵاوسانەوە دەناڵێنێت و نرخی کاڵاکانی بەرزکردووەتەوە.

بەرپرسان هۆشدارییان داوە لەوەی لافاوەکە دەیان ساڵ پاکستان دەباتە دواوە.

شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی کە دەکرێت زیانەکانی کەرتی کشتوکاڵی وڵاتەکە کاریگەریی لەسەر هەموو جیهان هەبێت.

پاکستان یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەران و هەناردەکارانی پەتاتە و برنج لە جیهاندا، کە ئەو دوو بەرهەمە بەهۆی لافاوەوە وێران بوون، بەرپرسان دەڵێن، نیوەی هەموو بەرهەمی پەتاتەی وڵاتەکە لەناوچووە.

هەروەها ئاوی لافاو هەڕەشە لە شێواندنی وەرزی گەشەکردنی گەنمی پاکستان دەکات لە پاییزی ئەمساڵدا، ئەمەش ئەگەری بەردەوامبوونی کەمیی خۆراک و بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ساڵی داهاتوودا بەرز دەکاتەوە.

 

لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەیدا بۆ پاکستان، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، داوای پشتیوانی دارایی بەرفراوان و بەپەلەی بۆ پاکستان کرد.

گوتێرێش وتی، “من زۆر کارەساتی مرۆییم لە جیهاندا بینیوە، بەڵام هەرگیز قڕکردنی ئاووهەوام بەم قەبارەیە نەبینیوە، بە سادەیی هیچ وشەیەکم نییە بۆ وەسفکردنی ئەوەی ئەمڕۆ بینیم تەنیا دەتوانم بڵێم، ناوچەیەکی لافاوم بینی سێ هێندەی کۆی ڕووبەری وڵاتەکەم، پورتوگال”.

حکومەتی شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان هاوکات لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای 160 ملیۆن دۆلاری وەک بودجەی فریاگوزاری کردووە بۆ 5 ملیۆن و 200 هەزار کەس لە زەرەرمەندترین خەڵکی ئەو وڵاتە.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای دەستپێکردنی بارانبارین لە پاکستان تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 300 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی نیوەیان منداڵن و زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

تا ئێستا نزیکەی 33 ملیۆن کەس ئاوارە بوون، ئاوی لافاو نزیکەی 100 هەزار میل چوارگۆشەی داپۆشیوە، کە ڕووبەرەکەی گەورەترە لە ڕووبەری بەریتانیا، پێشبینی دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا لافاوی زیاتر ڕووبدات.

پارێزگای سند کە نزیکەی یەک لەسەر سێی خۆراکی ئەو وڵاتە بەرهەم دەهێنێت، لەو پارێزگایانە بووە کە بەهۆی بارانبارینەوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، پارێزگاکە نزیکەی شەش هێندەی تێکڕای بارانبارینی 30 ساڵەی ئەم وەرزە باریوە، کە زیانی بە نزیکەی 50%ی بەروبوومی پارێزگاکە گەیاندووە.

بابەتی پێشتر

ناگیلسمان لە ژێر هەڕەشەی دەركردندایە

بابەتی دواتر

یەكەم لێدوانی تۆخێل دوای دەركردنی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share