سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و هەڵبژاردنی پێشوەختە بەبێ دووبارە دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنەكە نابێت.
نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە پەیامێكدا ڕایگەیاند، عێراق وڵاتی پێكهاتەكانە و گەلەكەی لە چەندین مەزهەب و نەتەوە پێكدێت، هیچ ئیرادەیەكی بەسەردا ناسەپێندرێت جگەلە ئیدارەی تەواوی گەل لەڕێی دامەزراوە دەستوورییەكانی كە ئەنجومەنی نوێنەران نوێنەرایەتی دەكات.
لە پەیامەكەیدا بەبۆنەی عاشورا مالكی وتیشی، “لەسەر ئەو بنەمایە نە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و نە هەڵبژاردنی پێشوەختە و نە گۆڕینی سیستم بەبێ گەڕاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دانیشتنەكانی بەشێوەی ئاسایی، نابێت”.
بەهۆی ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعە عێراق بەدۆخێكی ناسەقامگیردا تێدەپەڕێت، بەمدواییە لایەنگرانی ڕەوتی سەدر خۆپیشاندانەكانیان لە بەغداد دەستپێكردووەتەوە، موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدریش داوایكرد ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێستای عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت.