باڵێكی دیكە لە پارتی سۆسیال دیموكرات جیابووەوە

باڵێكی دیكە لە پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان جیابووە و چووە پاڵ ئەو باڵەی پێشتر جیابووەوە و پێكەوە حزبێكی نوێیان ڕاگەیاند.

ئەنور تەها یاسین ئەندامی پێشووی سەركردایەتیی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرس و ئەندامانی دیكەدا لە پارتی سۆسیال دیموكرات جیابوونەتەوە.

ئەو كە بەر لە كۆنگرەی پارتی سۆسیال دیموكرات ئەندامی مەكتەبی سیاسی بووە و دوای كۆنگرەش بە ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردراوەتەوە وتیشی، “بەهۆی ناكۆكیمان لەبارەی ئەنجامی كۆنگرە و بەڕێوەبردنی حزب، هەروەها پرسە فیكرییەكان بڕیاری جیابوونەوەمان دا”.

ئەوەشی خستەڕوو، دوای جیابوونەوەش دەستیان بە ڕێكخستنەوە و كاری سیاسی كردووە، هەروەها دوای كۆبوونەوە و ڕاوێژ لەگەڵ بزوتنەوەی سۆسیالیست كە ئەوەیش ساڵی 2011 لە پارتی سۆسیال دیموكرات جیابووەوە گەیشتوونەتە ڕێككەوتن بۆ پێكهێنانی (حزبی سۆسیالیستی گەلی كوردستان).

ئەنوەر تەها كە وەك ئەندامی كۆمیتەی ڕابەرایەتی حزبە نوێیەكە دیاریكراوە وتیشی، لە ئێستادا كار لەسەر وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی كاركردن دەكەن.

هەر ئەمڕۆ حزبە نوێیەكە هاوكات لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی پارتی سۆسیال دیموكرات ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا وێڕای جەختكردنەوە لەسەر یەكگرتنەوەی هەردوو باڵەكە داوادەكات هەڤاڵان و دڵسۆزانی ڕێبازی سەیدا (سەیدا ساڵح یوسفی) لە دەوری حزبەكەیان كۆببنەوە.

پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان (حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان-ی پێشوو) ساڵی 1976 دامەزراوە و محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆكیەتی.

بابەتی پێشتر

قەیرانی وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریجیا<br> جیهان بەرەو كارەسات هەنگاو دەنێت؟

بابەتی دواتر

مالكی وەڵامی سەدر دەداتەوە: هەڵبژاردنی پێشوەختە بەبێ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران نابێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share