دوای هەڵپەساردنی گفتۆگۆکان.. چین: دەبێت ئەمریکا بەرپرسیارێتیی ئەنجامەکان هەڵبگرێت

وەزارەتی بەرگریی چین سەبارەت بە هەڵپەساردنی گفتۆگۆ سەربازییەکانی لەگەڵ ئەمریکا وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر سەردانەکەی نانسی پیلۆسی بۆ تایوان ڕایگەیاند، “دەبێت ئەمریکا بەرپرسیارێتیی ئەنجامە خراپەکانی هەڵبگرێت”.

سەردانەکەی هەفتەی ڕابردووی نانسی پیلۆسی بۆ تایوان چینی توڕەکرد، بەهۆی ئەوەی دورگەی تایوان وەک بەشێک لە وڵاتەکەی دادەنێت و دژایەتی هەر دانپێدانانێکی نێودەوڵەتی بۆ تایوان دەکات، وەک وەڵامدانەوەش بۆی بۆیەکەمجار مووشەکی بالیستیی بەسەر تایواندا تەقاند، سەرەڕای ئەوەش دەستبەرداری هەندێک لە هێڵەکانی گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن بوو.

وو چیان وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین لەوبارەیەوە ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، لایەنی ئەمریکی هۆکاری سەرجەم ئاڵۆزییەکانی ئێستای گەرووی تایوانە و دەستپێشخەرییەکە لە واشنتۆنەوە بووە، بۆیە لەسەر ئەمریکا پێویستە بەرپرسیارێتیی تەواوی ئەنجامە خراپەکانی لەئەستۆبگرێت”.

فەرماندەی هێزی سەربازیی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوچەکە ڕایگەیاندووە، بەردەوامدەبن لە ڕاهێنانەکانە دەریایی و ئاسمانییەکانیان.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگریی تایوان ئاشکرایکرد، ئەگەری هەیە فڕۆکە و کەشتییەکانی چین لە ماوەیەکی نزیکدا هێرش ئەنجامبدەن، بۆیە فڕۆکە و کەشتییان ڕەوانەکردووە بۆ وەڵامدانەوەی گونجاو لە هەر کاتێکدا.

ڕۆژی هەینی دوای سەردانەکەی پیلۆسی، چین گفتوگۆ فەرمییەکان و هەماهەنگییە سەربازییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا ڕاگرت و سەرجەم هەوڵەکانی ئەمریکاشی لەوبارەیەوە ڕەتکردەوە.

لەبەرامبەردا بەرپرسانی پێنتاگۆن، وەزارەتی دەرەوە و کۆشکی سپی سەرکۆنەی ئەو بڕیارەی چینیان کرد و بە کاردانەوەیەکی زیادەڕەوی و نابەرپرسیارانە ناویانبرد.

بابەتی پێشتر

گواستنەوەی عێراق پێداچوونەوە بۆ بلیتی فڕۆکە لەنێوان بەغداد و هەولێر دەکات

بابەتی دواتر

بەهۆکارێکی نادیار.. درێژیی ڕۆژ زیادیکردووە و کاریگەرییەکانی مەترسیدارن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share