سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە: ناتوانین بەزۆر یەکپۆشی بەسەر خوێندکاراندا بسەپێنین

سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە لەبارەی ئەگەری جێبەجێکردنی سیستمی یەکپۆشی بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆکەیان باسی لەوەکرد، هیچ پلانێکیان لەوبارەیەوە نییە، بەڵام ئەگەری هەیە ڕاپرسی بە خوێندکاران بکەن و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاربدەن.

لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دکتۆرە مەهاباد کامیل سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە ڕایگەیاند، پلانەکانیان بۆ دەسپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن دەستپێکردووە و ئامادەکارییەکان بەردەوامن، بەڵام هیچ باسێکیان سەبارەت بە یەکپۆشی نەکردووە.

ئاماژەی بە کردنەوەی بەشێکی نوێ لە زانکۆی هەڵەبجە کرد کە بەشی گەشتوگوزار دەبێت و وەک بەشێکی گرنگ بۆ هەڵکەوتەی هەڵەبجە و ناوچەکە باسیکرد.

سەبارەت بە ئەگەری یەکپۆشی لە ساڵی نوێی خوێندندا سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە وتی، “هیچ پلان و بڕیاریکمان لەوبارەیەوە نییە، هیچ لایەن و گروپێکی خوێندکارانیس بۆ ئەو پرسە پەیوەندیی پێوەنەکردووین، بەڵام ئەگەر وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری لەبارەوە بدات جێبەجێی دەکەین”.

باسی لەوەشکرد، “ئەگەری هەیە ڕاپرسی لەناو خوێندکاراندا بکەین بۆ یەکپۆشی ئەگەر زۆرینەیان پێیانباشبوو جێبەجێی دەکەین و ئەگەرنا ئێمە ناتوانین بەزۆر بەسەر خوێندکاراندا بیسەپێنین”.

سەبارەت بە دەرماڵەی خوێندکاران دکتۆرە مەهاباد کامیل وتی، دەرماڵەی مانگی نیسانی خوێندکاران دابەشکراوە، چەکی دەرماڵەی مانگی ئایار و حوزەیرانیش ئامادەن و لە بانکەکاندا، بەڵام کێشەی نەبوونی نەختینە هەیە کەی پارە هەبوو ئەوانەش دابەشدەکرێت.

بابەتی پێشتر

گەشتكردن بە ئۆتۆمبێل بۆ ئێران ڕادەگیرێت

بابەتی دواتر

بێفڕۆكەوانی ئێرانی كەوتە شەڕی ڕوسیا و ئۆكرانیاوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share