خوێندنگاكانی عێراق دەرگا بۆ 10 ملیۆن خوێندكار دەكەنەوە

خوێندنگاكانی عێراق ئەمڕۆ دەرگایان بەڕووی زیاتر لە 10 ملیۆن خوێندكاری سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن كردەوە، بە ڕەچاوكردنی ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزیی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

بەو بۆنەیەوە ئەمڕۆ یەكشەممە 29ی تشرینی دووەم وەزارەتی پەروەردە داوای لە كەسوكاری خوێندكاران و مامۆستایان كرد بەرپرسیارێتی هاوبەش بگرنەئەستۆ بۆ زامنكردنی سەرلەنوێ گەڕاندنەوەی ڕەوشی خوێندن.

حەیدەر فاروق، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، تێڕوانینی وەزارەتەكەیان بەو ئاراستەیە بوو دەستپێكی خوێندن لە 21ی ئەم مانگە و هەفتانە دوو ڕۆژ بێت بۆ هەر قۆناغێك، بەڵام شانەی قەیرانەكان دەستپێكی ساڵی خوێندنی بە 29ی ئەم مانگە و ڕۆژێك لە هەفتەیەكدا بۆ هەر قۆناغێك دیاریكرد و لە ڕۆژانی دیكەشدا خوێندن بە ئەلیكترۆنی درێژەی پێدەدرێت.

لای خۆیەوە حەمید دلێمی، وەزیری پەروەردەی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێشتا مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق کۆتایی نەھاتووە و لەگەڵ ئەوەیشدا بە ڕێنمایی تەندروستیی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزیی، ساڵی نوێی خوێندن لە عێراق دەستی پێکردووە.

وتیشی، “لە چوارچێوەی ڕێکكارەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕێوشوێنی باشمان بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن گرتووەتەبەر”.

بابەتی پێشتر

گاریس به‌یلێکی دیکه..‌‌ ساڵێکی له‌ مه‌درید به‌ حه‌وتی له‌نده‌ن به‌راورد ده‌کرێت

بابەتی دواتر

وەزارەتی تەندروستی: لە 24 کاتژمێردا 14 کەس بە کۆرۆنا گیانیانلەدەستداوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share