سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح كۆبووەوە، جەخت لە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و كۆتاییهێنان بە گرژییەكان كرانەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی كۆمار ئەمڕِۆ چوارشەممە لە كۆشكی سەلام لە بەغداد دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق پێًشوازی لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە.
لەدیدارەكەدا گفتوگۆكرا سەبارەت بە بارودۆخی گشتیی وڵات و بەتایبەتی پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ئەم دواییە و جەختكرایەوە لە پێویستیی پاراستنی ئاسایش و ئارامی و هێوركردنەوەی دۆخەكە و گەیشتن بە دیالۆگ و گفتوگۆی جددی و كۆتاییهێنان بە قەیرانەكە و دامەزراندنی نەخشە ڕێگایەكی ڕوون بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات و دڵنیاكردنەوەی هاوڵاتییان و لە بەدیهێنانی مافە ڕەواكانیان.
لە كۆبوونەوەكەدا گرنگی دەستەبەركردنی سازان و یەكدەنگی و یەكڕیزیی نیشتمانی و پتەوكردنی نێوماڵی ناوخۆیی دووپاتكرایەوە.
لەلایەكی دیكەوە هەر ئەمڕۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح كۆبووەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە هەردوولا جەختیان لە پێویستی چارەسەركردنی قەیرانی سیاسیی وڵات كردووەتەوە بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێك كە ڕەزامەندیی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی لەسەربێت.