نەتەوە یەکگرتووەکان: دەبێت ڕێککەوتنی شەنگال بە تەواوی جێبەجێ بکرێت بەبێ دواکەوتنی زیاتر

نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق پەیامێكی لەبارەی یادی هەشت ساڵەی جینۆسایدكردنی ئێزیدییەكان بڵاوكردەوە و دەڵێت، دوای هه‌شت ساڵ کۆمەڵگه‌ی ئێزیدی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بەدەستنەهێناوە و دەبێت ڕێککەوتنی شەنگال بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، بەبێ دواکەوتنی زیاتر.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاماژەی بەوەكردووە، دوای هەشت ساڵ لە هێرشێکی دڕندانە لەلایەن ڕێکخراوی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، کۆمەڵگه‌ی ئێزیدی تا ئێستا ئەو ئاشتی و خۆشگوزەرانییەیان بەدەستنەهێناوە کە بەڕاستی شایەنیەتی.

دەشڵێت‌، “هێشتا هەزاران ئێزیدی نەگەڕاونەتەوە ناو خێزان و ئازیزانیان، تا ئێستاش شوێنیان نادیارە، زۆرێك لە بەرکەوتەکان لە دوای چەندین ساڵ لە دیلبوون و ئەشکەنجەدان و توندوتیژی سێکسی و کۆیلایەتی و هەروەها مامەڵەی ئەو پەڕی نامرۆڤانە بەردەوام بەدەست ئازاری دەرونییەوە دەناڵێنن، ژمارەیەکی زۆری تریش هێشتا بەسەر ئازاری لەدەستدانی ئەندامێکی خێزانی خۆشەویستیان، یان تەواوی خێزانەکەیان، زاڵنەبونە.”

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقدا هاتووە، “زۆرێك لە ئێزدییەکان لە شوێنی ڕەسەنی خۆیان ئاوارە بوون، بەهۆی بەردەوامی گرژییەکان، زێدی باوباپیرانیان لە شەنگال هێشتا بێبەشە لەو سەقامگیرییە جەوهەرییەی کە پێویستە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژیانیان، دوور لە ترس و تۆقاندن”.

جەختیشی كردووەتەوە، “دەبێت ڕێککەوتنی شەنگال بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، بەبێ دواکەوتنی زیاتر، حوکمڕانی جێگیر و پێکهاتەی ئاسایش زۆر گرنگە، ڕێگە بە ئاوارەکان دەدات دواجار بگەڕێنەوە ماڵەوە، هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە خێراتر بکرێت، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی باشتر بکرێت”.

ڕوونیشیكردووەتەوە، بەردەوام دەبن لە پەرەپێدان بە ڕێکارەکانی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش دژی ئێزدییەکان بۆ گەڕاندنەوەی دادپەروەری بۆ هەموو ئەوانەی بەدەست ئەم تاوانە قێزەونەوە دەناڵێن، ئازادی و دادپەروەری شانبەشانی ئاشتی و گەشەکردن دەڕوات.

بابەتی پێشتر

جەیمس وێب جارێکی دیکە جیهان سەرسام دەکات<br>وێنەی پێکدادانی دوو گەلەئەستێرە تۆماردەکات

بابەتی دواتر

مەترسی لەسەر کارەبای سلێمانی و گەرمیان دروستبوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share