بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، “پێشوازی لە دەستپێشخەرییەكانی ئاساییكردنەوەی دۆخی عێراق دەكەین و ئەركی هەموومانە بەڕۆحێكی بەرپرسیارانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بكەین”.
لە پەیامەکەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیدا هاتووە، “دەبێت هەموومان پێكەوە لەپێناو ئاشتی و سەقامگیری كار بكەین، گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بكەینە بنەمای كاركردن و چارەسەری كێشەكان و پێكەوە داهاتوویەكی ئارام بۆ هاوڵاتییان بونیادبنێین و ئامانجە باڵاكانمان بەدیبهێنین”.
سەرۆكی یەكێتی جەختدەكاتەوە، “ماڵی مام لە بەغداد و دەباشان ماڵی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانە و پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەك دەكەین ئامانج لێی گەیشتن بێت بە ڕێككەوتنێكی نیشتمانی و دەربازكردنی عێراق لەو دۆخەی تێیكەوتووە”.
هەر لە پەیامەكەیدا هاتووە، “داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان دەكەم بەرژەوەندیی گەل و وڵات بخەنە پێش بەرژەوەندییە تایبەتەكان و هەوڵەكانیان لەپێناو داهاتوویەكی گەشتردا بێت، هاوڵاتییانمان لە عێراق و هەرێمی كوردستان قوربانیی زۆریانداوە و ئەركی هەموولایەكمانە خزمەتیان بكەین”.