فازڵ میرانی: عێراق شایه‌نى ئه‌وه‌ نییه‌ ناوبانگه‌كه‌ى ناشرین بڵاوبێته‌وه‌

فازڵ میرانی: هه‌ولێر شارێكه‌ میزاجییه‌ت و ئه‌جینده‌ى ده‌ره‌كى حوكمى تیادا ناكات

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی داوا لە لایەنە ناكۆكەكانی عێراق دەكات بەدەنگ بانگێشتەكەی سەرۆكی هەرێمەوە بچن و دەشڵێت، عێراق شایه‌نى ئه‌وه‌ نییه‌ ناوبانگه‌كه‌ى به‌مشێوه‌ ناشرینه‌ بڵاوبێته‌وه‌.

فازڵ میرانی سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى دیموكراتى كوردستان لە وتارێكدا لەژێر ناونیشانی (به‌ده‌نگ بانگهێشتەكەی نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ وه‌رن) دەڵێت، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م داواكارى نییه‌ له‌ ئێمه‌وه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و ته‌ڵه‌ تێكئاڵۆزكاوه‌ى بۆمبه‌ ته‌وقیتكراوه‌كه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ته‌قاندنه‌وه‌ى هاوكێشه‌ سیاسییه‌كه‌ به‌گشتى ده‌كات و پێموایه‌ ئه‌مه‌ دوا داواكاریش نییه‌، چونكه‌ چاره‌سه‌رییه‌كانى پێش ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌بوون به‌ڵكو هێوركه‌ره‌وه‌ بوون، چونكه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌ جه‌سته‌ ڕه‌سمییه‌كه‌ ماوه‌ و ته‌شه‌نه‌ ده‌كات و فراوانتر ده‌بێت.

دەشڵێت، “ئه‌مه‌ وێنه‌ى عێراق نییه‌، عێراق شایه‌نى ئه‌وه‌ نییه‌ ناوبانگه‌كه‌ى به‌مشێوه‌ ناشیرینه‌ بڵاوبێته‌وه‌ و ببێته‌ مانشێتى سه‌ره‌كى هه‌واڵه‌كان”.

هەروەك ئاماژە بەو بانگێشتە دەكات كە بەمدواییە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان-ەوە ئاراستەی لایەنە ناكۆكەكانی عێراقی كرد بۆ گفتوگۆكردن لە هەولیر و وتی، “بانگه‌وازه‌كه‌ى بانگه‌وازێكى عێراقیى كوردیی نیشتیمانییه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ى خه‌بات و كۆششیان كردووه‌ له‌پێناو عیراقێكى باشتر، عێراقێكى بێ دیكتاتۆرییه‌ت و بێ تائیفى و ڕه‌گه‌زپه‌رستى، بێ برسێتى و خوێنبزربوون، باشتر هه‌ستى پێده‌كه‌ن”.

ڕەخنەش لە هەندێك لایەنە دەگرێت و دەڵێت، “بیركردنه‌وه‌ى هه‌ندێ لایه‌ن بۆ یه‌كتر شكاندن له‌سه‌ر حیسابى ته‌واوى میلله‌ت به‌ بیانووى به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنى جه‌ماوه‌ره‌كه‌ى سه‌ر به‌و، ڕه‌نگه‌ پێش چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك ڕه‌وایه‌تییه‌كى هه‌بوایه نه‌ك له‌ وڵاتێك له‌م سه‌رده‌مه‌ى ئێستا‌دا كه‌ به‌شێكه‌ له‌ كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى جا هه‌ر پێگه‌یێكى هه‌بێت به‌هۆى سیاسه‌ته‌ كۆنه‌كان یانیش هه‌ندێك له‌م سیاسه‌ته‌ تازه‌یه‌ى ئێستاى”.

لە كۆتاییشیدا سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی داوا لە لایەنەكان دەكات “به‌ده‌نگى نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ وه‌رن و وه‌رن بۆ هه‌ولێر ماڵى خۆتان، به‌ ئارامى و بێ فشار و ترساندن، چونكه‌ هه‌ولێر شارێكه‌ میزاجییه‌ت و ئه‌جینده‌ى ده‌ره‌كى حوكمى تیادا ناكات، با متمانه‌ى گه‌ل به‌ده‌ست بێنینه‌وه‌، ئه‌و گه‌ل و كه‌سانه‌ى كه‌ چاوه‌ڕوانى تروسكه‌ روناكین نه‌ك تاریكایى” و دەڵێت، هه‌ولیر لێتانه‌وه‌ نزیكه‌ و زۆربه‌تان چاك ده‌یناسن.

شەممەی ڕابردوو 31ی تەمموز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، به‌ نيگه‌رانييه‌كى قوڵه‌وه‌ له‌ دۆخى سياسيى عێراق و پێشهاته‌كانى ده‌ڕوانين، داوا له‌ لايه‌نه‌ سياسييه‌ ناكۆكه‌كان ده‌كه‌ين ئه‌وپه‌ڕى دان به‌ خۆياندا بگرن و بۆ چارسه‌ركردنى كێشه‌كان گفتوگۆى ڕاسته‌وخۆ ده‌ستپێبكه‌ن.

ئاماژەی بەوەدا، هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌شێك ده‌بێت له‌ چاره‌سه‌ر، بۆيه‌ لايه‌نه‌ سياسييه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى عێراق بانگهێشت ده‌كه‌ين بێن له‌ هه‌ولێرى پايته‌ختى دووه‌ميان ده‌ست به‌ گفتوگۆيه‌كى كراوه‌ى كۆكه‌ره‌وه‌‌ بكه‌ن و له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندييه‌ باڵاكانى وڵات بگه‌نه‌ لێكگه‌يشتن و ڕێككه‌وتن.

بابەتی پێشتر

بە وێنە.. ڕووداوێکی هاتوچۆ ڕوویدا و دوو هاوڵاتی برینداربوون

بابەتی دواتر

لە گوندێکی تورکیا دەنگ لە ژێر زەوییەوە دەبیسترێت و حکومەت لێکۆڵینەوە دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share