سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیامێكی بڵاوكردەوە و داوا لە هەمووان دەكات دووربكەونەوە لە تۆمەتباركردن و زمانی تەخوین و دەڵێت، هێزە سیاسییەكان پێویستە ئەركی خۆیان لەڕووی سەقامگیریی دەوڵەت لەئەستۆبگرن.
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، عێراق لە بەردەم گرژییەكی سیاسیی گەورەدایە، ئەگەر ژیرەكان دەستێوەردان نەكەن، لێكەوتەی ترسناكی دەبێت.
داواش لە سەرجەم لایەنەكان دەكات ئارامبگرن و بارگرژییەكان كەمبكەنەوە، بۆ دەستپێكردنی دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەر لەسەر بنەمای نیشتمانی.
كازمی داواشی لە هەمووان كرد نەخزێنە ناو تۆمەت و تەخوینكردن، هەڵایسانی دوژمنایەتی و ڕق لەنێوان براكانی یەك نیشتماندا.
سەرۆك وەزیران بانگێشتی سەرجەم لایەنەكانیشی كرد لەسەر مێزی گفتوگۆی نیشتمانی دابنیشن، بۆ گەیشتنە چارەسەرێكی سیاسیی بۆ قەیرانی سیاسی.
هەروەك ڕوو لە خۆپیشاندەران وتی، “پەیامەكەتان ڕوونە، پابەندیتان بە هێمنی و ڕێكخستن مایەی هەڵسەنگاندنە، كاتی ئەوە هاتووە شێوازەكانی دەستپێكردنی پڕۆژەی چاكسازی كە سەرجەم لایەنە نیشتمانییەكان لەسەری كۆكبن تاوتوێبكرێت”.
دووپاتیشیكردەوە، پێویستە لەسەر هێزە سیاسییەكان بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی و یاسایی لەئەستۆبگرن.
لە ڕاگەیەندراوەكەیدا مستەفا كازمی، كە لە هەمان كاتدا فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە، سێ داواكاریی سەرەكی خستەڕوو، یەكەم، خۆپیشاندەران هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بكەن، ڕێز لە دامەزراوەكانی دەوڵەت بگرن و چۆڵیبكەن. دووەم هێزە ئەمنییەكان پارێزگاری لە موڵك و ماڵی گشتی و تایبەت، دامەزراوە فەرمییەكان بكەن و ڕێگری لەهەر پەلامارێك بۆسەریان بكەن.
لە كۆتایشیدا بانگێشتی لایەنەكان دەكات بۆ گفتوگۆی نیشتمانی لەڕێی پێكهێنانی لیژنەیەك كە نوێنەری سەرجەم لایەنەكان لەخۆبگرێت بۆ دانانی نەخشە ڕێگای چارەسەر.