لە بەغداد ئەگەری پێكدادانی ‏هەردوو بەرەی خۆپیشاندان هەیە

لایەنگرانی چێوەی هەماهەنگی خۆپیشاندانیان لە بەغداد دەستپێكرد و سەدر داوادەكات لایەنگرانی لە هەموو شارەكان خۆپیشاندان بكەن، دۆخێك كە بەركەوتنی هەردوو بەرەكەی كردووە بە ئەگەرێكی چاوەڕوانكراو.

وەك بڕیاریان دابوو، لایەنگرانی چێوەی هەماهەنگی، دژی خۆپیشاندانی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر خۆپیشاندانیان لە نزیك پردی هەڵواسراو لە بەغداد دەستپێكرد و سەركردەكانیان جەختدەكەنەوە لەوەی نابێت بچنە ناوچەی سەوز و خۆیان لە بەریەككەوتن لەگەڵ سەدرییەكان بەدووربگرن.

لایەنگرانی چێوەی هەماهەنگی دەڵێن، مەبەست لە خۆپیشاندانەكەیان پاراستنی شەرعییەت و گەڕاندنەوەی شكۆیە بۆ دەوڵەت و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە سەدرییەكان بە چوونەناو ئەنجومەنی نوێنەران، شكۆی دەوڵەتیان شكاندووە و دەیانەوێت پرۆسەی سیاسی پەكبخەن.

دەستەی ئامادەكاری ڕێكخستنی خۆپیشاندانەكەی چێوەی هەماهەنگی بە فەرمانی سەركردەكانی چێوە بڕیاریدابوو خۆپیشاندەران نەچنە ناوچەی سەوز، بەڵام بەشێك لە خۆپیشاندەران هەوڵی تێپەڕاندنی بەربەستەكان و گەیشتن بە ناوچەی سەوز دەدەن، حكومەت هێزێكی زۆری لە ناوچەكە كۆكردووەتەوە و بە ئاوپرژاندن ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەتەوە و چەند پێكدادانێك ڕوویداوە، ئەوەش وایكرد كەمێك لەمەوبەر قەیس خەزعەلی یەكێك لە سەركردەكانی چێوەی هەماهەنگی پەیامێكی بە پەلە بڵاوبكاتەوە و داوا لە لایەنگرانی چێوەی هەماهەنگی بكات “بە هیچ شێوەیەك” نەچنە ناو ناوچەی سەوز.

وەك فشارێكی زیاتر دژی چێوەی هەماهەنگی و بەهێزكردنی گوتاری خۆپیشاندەرانی لایەنگری ڕەوتەكەی لە بەغداد، سەدر داوادەكات لایەنگرانی لە هەموو شارەكان خۆپیشاندان بكەن، ئەوەش بەریەككەوتنی لایەنگرانی هەردوو بەرە شیعییەكەی كردووە بە ئەگەرێكی چاوەڕوانكراو.

بابەتی پێشتر

هەپەگە: 15 سەربازی توركیا كوژران

بابەتی دواتر

ئەمساڵ بەرهەمی گەنم زیادیکردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share