ئاگری دارستانەكانی ئەوروپا بۆمبی تەمەن 100 ساڵ دەتەقێننەوە

سلۆڤینیا وڵاتێكی ئەوروپییە و زیاتر لەهەر وڵاتێكی دیكەی كیشوەرە پیرەكە بەدەست ئاگری دارستانەكانەوە دەناڵێنێت كە ئەم هاوینە هەڵایساوە، بەڵام شتێك لەوانی دیكەی جیادەكاتەوە، تەقینەوەی ژمارە بۆمبێك كە تەمەنیان 100 ساڵە.

ئاگرەكە ناوچەیەكی بەرفراوانی دارستانەكانی سلۆڤینیا-ی لەناوبردووە، ئەو وڵاتەی دەكەوێتە نێوان كرواتیا، ئیتاڵیا و نەمسا، وەك ئەوەی سایتی (vice)ی هەواڵیی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە.

بڵێسەی ئاگر گەیشتووەتە گۆڕەپانەكانی پێشووی شەڕی وڵاتەكە لە سەردەمی جەنگی جیهانیی یەكەمدا، بووەتە هۆی تەقاندنەوەی هەندێك لەو بۆمبانەی لەو جەنگەدا نەتەقیونەتەوە.

لە 22ی ئەم مانگە لەكاتێكدا پیاوانی ئاگركوژێنەوە هەوڵی كوژاندنەوەی ئاگرێكیان دەدا، یەكێك لەو بۆمبانە تەقییەوە، پارچەكانی بڵاوبوونەوە، بەڵام نەبووە هۆی برینداربوونی هیچ كامێكیان.

ئەوە تەنها ڕووداوێكی چەند تەقینەوەیەكی بۆمب بوون كە بەهۆی ئاگركەوتنەكەوە ڕوویانداوە.

بەرپرسانی سلۆڤینیا ژماردنی تەقینەوەكانیان بەهۆی زۆرییانەوە وەستاندووە، تەنها ئاماژەیان بۆ ئەوانە دانەوە كە لە نزیك ڕێگاكان دەتەقنەوە.

تائێستا پاشماوەی هەردوو جەنگی جیهانیی یەكەم و دووەم سەرچاوەی كێشەی گەورەن بۆ ئەوروپا، هەموو ساڵێك بەهۆیانەوە ئەوروپییەكان دەبنە قوربانی.

هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژمارە زۆرەی بۆمب كە بەسەر ئەوروپادا هەڵدراون، بۆنمونە هێزی ئاسمانی بەریتانی و ئەمریكی تەنها لە جەنگی جیهانیی دووەمدا 2.7 ملیۆن بۆمبیان بەسەر ئەوروپادا باراندووە.

نزیكەی 1000 ئاگركوژێنەوە و چەندین یەكەی سەربازی لە سلۆڤینیا هەوڵ بۆ كوژاندنەوەی ئەو ئاگرە دەدەن كە تائێستا 5000 هێكتار زەوی گرتووەتەوە، كێشەی بەردەم كوژاندنەوەشیان ئەو بۆمبانەن كە نەتەقیونەتەوە.

مارجان شاریك وەزیری بەرگری سلۆڤینیا دەڵێت، بەهۆی ئەو بۆمبانەوە تیمەكانی ئاگركوژێنەوە ناتوانن زیاتر بەرەو ناوەوە بڕۆن، تەنها لە لاكانەوە هەوڵ بۆ كوژاندنەوە دەدەنە.

ئەمەش لەكاتێكدایە ئاگر لە 12 گۆڕەپانی پێشووی جەنگی جیهانیی یەكەم بڵاودەبێتەوە.

بابەتی پێشتر

سوپای پاسداران: ئێران ئامادەیە بۆ دروستكردنی كڵاوەی ئەتۆمی

بابەتی دواتر

توێژینەوەیەکی ئۆکسفۆرد بنەماکانی خواردن دەشکێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share