سوپای پاسداران: ئێران ئامادەیە بۆ دروستكردنی كڵاوەی ئەتۆمی

میدیای سوپای پاسداران ڕایدەگەیەنێت، ئێران ئامادەیە بۆ دروستكردنی یەكەم كڵاوەی ئەتۆمی لەكاتێكدا ئەگەر دامەزراوەی نەتەنزی ئەتۆمی ڕووبەڕووی هەر هێرشێك ببێتەوە.

ئەو هەواڵە لەلایەن كەناڵێكی سەر بە فەیلەقی قودس، باڵی دەستێوەردانی دەرەكی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڤیدیۆیەكدا بڵاوكراوەتەوە تیایدا ئاماژە بە ئەگەری خستنەكاری ئەوەی ناودەبرێت بە “پڕۆژەی عیماد-ی سەروو نهێنی” دەكات.

ڤیدیۆكە بۆ یەكەمجار ئێوارەی دوێنێ لەژێر ناونیشانی “كەی بۆمبە ئەتۆمییە نوستووەكانی ئێران بەئاگادێن؟” لەلایەن كەناڵی (بیسیمجی) بڵاوكراوەتەوە و ئاماژە بەوەدەكات، لەكاتێكدا ئەگەر ئەمریكا یان ئیسرائیل هەر هەڵسوكەوتێكی “گێلانە” ئەنجامبدەن، ئێران دەست بە بونیادنانی “یەكەم بۆمبی ئەتۆمی لە كەمترین ماوەدا” دەكات.

كەناڵەكە ڤیدیۆكەی لە تێلیگرام بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت، ئێران ئامادەیە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە و دروستكردنی یەكەم كڵاوەی ئەتۆمی ئەگەر هێرشبكرێتەسەر نەتەنز.

بەپێی ڤیدیۆكە دەستكردن بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوەی نهێنی فۆردۆ وایكردووە ئێران تەنها یەك هەنگاو بۆ چوونەپاڵ یانەی ئەتۆمی دووربێت.

بەوپێیە وادەردەكەوێت تاران بە كردەیی دەستیكردبێت بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستێكی باڵادا، بەجۆرێك ئامادەبێت بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆم، نەك تەنها ئەوە بەڵكو كڵاوەی ئەتۆم كە لەسەر مووشەك دەبەسترێت.

دامەزراوەی فۆردۆ دەكەوێتە نزیك شاری قوم، لە قوڵاییەكانی چیادا دروستكراوە و بەپێی وتەی بەرپرسانی ئێرانی بەرگەی جۆرە جیاوازەكانی چەكی لەناوبەری تونێل و بۆردومانی ئەتۆمیش دەگرێت.

بابەتی پێشتر

یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی ئاڵۆزییەکانی عێراقەوە پەیامێک ئاراستەی لایەنە عێراقییەکان دەکات

بابەتی دواتر

ئاگری دارستانەكانی ئەوروپا بۆمبی تەمەن 100 ساڵ دەتەقێننەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share