تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە مەترسییەك لەسەر مرۆڤایەتی دەدات

“زۆرێك لە سەركەوتنەكانی پێشوو تێكدران”

پاش هۆشدارییەكانی ئەمدواییە دەربارەی گۆڕاوی دەلتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان و بەتایبەتیش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بڵاوبوونەوەی لە 16 وڵاتدا، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لەبارەی مەترسییەكی گەورە دەدات كە هەڕەشە لە جیهان دەكات.

تیدرۆس گیبریسۆس بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهان ڕایگەیاند، مرۆڤایەتی ئێستا لە مەترسیی ڕاستەقینەدایە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا سەرەڕای سەركەوتنی هەڵمەتەكانی كوتان.

لە پەیامێكدا كە پێگەی ئەلیكترۆنی ڕێكخراوەكە بڵاویكردەوە وتیشی، “جیهان هەنگاوی گەورەی ناوە لە پەرەپێدانی ڤاكسینەكان لەماوەیەكی پێوانەییدا، بەڵام ئێستا لە مەترسیی ڕاستەقینەدایە، دوای ئەوەی زۆرێك لە سەركەوتنەكانی پێشوو تێكدران”.

تیدرۆس هێمای بۆ ئەوەشكرد كە زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەكانی توشبوون بە نەخۆشی (كۆڤید-19) بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی خەڵكی پابەندی ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی نین، سیستمی تەندروستی بەشێوەیەكی ناڕێكخراو كاردەكات و ڕێژەی كوتان نایەكسانە.

بەمدواییە سەنتەرەكانی كۆنتڕۆڵی نەخۆشی و پارێزگاری لێی لە ئەمریكا ڕێنوێنی نوێی بڵاوكردەوە دوای دەركەوتنی چەند بەڵگەیەك كە ئاماژە دەدات بەوەی ئەو كەسانەی ڤاكسینیان وەرگرتووە دەشێت توشبن و گۆڕاوی دەلتا بۆ كەسانی دی بگوازنەوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە زۆرێك پێیانوایە ڤاكسینەكان ڕێگەیان پێدەدات بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتاكە.

لە بەرامبەردا توێژینەوەكان دوپاتیدەكەنەوە كە ڤاكسین سەرچاوەیەكی گرنگی دژ بە ڤایرۆسە، بەڵام ڕووپۆشی دژە گولـلە نییە و دەشێت توشبوون ڕووبدات.

بۆیە داوا لەو كەسانە دەكرێت كە ڤاكسینیان وەرگرتووە پەیڕەوی ڕێوشوێنە خۆپارێزییەكان بن، هاوشانی وەرگرتنی ڤاكسین ئەمەش بۆ ڕێگری لەهەر كاریگەرییەكی لاوەكی یان ڕوودانێكی لەناكاو بەهۆی پەتاكەوە.

 

 

بابەتی پێشتر

ئیسرائیل مووشەكباران كرا

بابەتی دواتر

لویس ساكۆ: كریستیانه‌كانی عێراق لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچووندان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share