ڕووداوێكی هاوشێوەی سلێمان هەڵشۆیی لە حاجیاوا دووبارە دەبێتەوە، یەكێك لەو كەسانەی پارەی پێداوە دەڵێت، زیاتر لە 200 دەفتەری خەڵكی لایە، لە گوێدرێژ و گەنمەوە تا پارە هەموو شتێكی وەرگرتووە.
ژمارەیەك هاوڵاتیی قەزای حاجیاوا سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنن، بە بڕی زیاتر لە 200 دەفتەر دۆلار مەڕوماڵات، دانەوێڵە و پارەیان بە كەسێك بەناوی (فەقێ ح.) داوە و لەئێستادا هەڵاتووە.
پەیامنێرمان لە ناوچەكەوە لە زاری ئەو هاوڵاتییانەوە پێیڕاگەیاندین، مێژووی كاركردنی ئەو كەسە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە پێنج ساڵ، بەدرێژایی ئەو ماوەیە هەر كەسێك مامەڵەی لەگەڵ كردووە، مانگانە بڕێك پارەی وەك سوود وەرگرتووە.
وتیشی، “ئەو كەسە لە گوێدرێژ، گەنم و جۆوە تا مەڕوماڵات و پارە هەموو شتێكی وەرگرتووە، لەو ماوەیەدا متمانەی خەڵكی بەدەستهێناوە، بەڵام لەئێستادا شوێنی نادیارە و هەڵاتووە”.
یەكێك لەو هاوڵاتییانە كە نەیویست ناوی بهێنرێت بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە بەپێدانی ژمارەیەك ئاژەڵ مامەڵەی لەگەڵ دەستپێكردووە.
وتیشی، “بەر لە جەژنی قوربانیش ژمارەیەك ئاژەڵی دیكەی پێداوە، بەڵام لەئێستادا دیارنەماوە، كەسوكارەكەی دەڵێن شوێنی نازانین، ژمارەیەكی تەلەفۆنی ئێرانیان پێداین، دەڵێن هەڵاتووە بۆ ئەو وڵاتە”.
دەربارەی ئەوەی چۆن متمانەی پێكردووە لەكاتێكدا ڕووداوەكەی سلێمان هەڵشۆیی هەر لە ناوچەكەدا ڕوویداوە، وتی، “ئەو زیاتر لە پێنج ساڵە ئەو كارە دەكات، جگە لەوەی بەهۆی ئەوەی فەقێ بووە و وانەی ئایینی خوێندووە، متمانەی لای ئەو و خەڵكی دیكە دروستكردووە”.
ئەو هاوڵاتییانە تائێستا سكاڵای خۆیان نەبردووەتە لای پۆلیس و فەرمانگە فەرمییەكان.
شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، بە فەرمی ئاگاداری ئەو دۆسیەیە نین، تائێستا هیچ كەسێك سكاڵای خۆی لە پۆلیس تۆمارنەكردووە.
کۆتایی ساڵی 2020 دۆسیەی سلێمان هەڵشۆیی پاش دەستگیركردنی ئاشكرابوو، دوای ئەوەی مامەڵەی جیاوازی بە پارە، پارچە زەوی، ئۆتۆمبیل و زێڕی هاوڵاتییانەوە کردبوو، دواتر سەرچاوە نافەرمییەكان ڕایانگەیاند كە 50 ملیۆن دۆلاری هاوڵاتییانی لایە و نەیداوەتەوە.